نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق(یونامی) رەتیدەكاتەوە رۆیشتنی جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق پەیوەندی بەو راپۆرتانەوە هەبێت كە زانیاریی "چەواشە"یان تێدا بڵاوكراوەتەوەو دەشڵێت، رۆشتنی پلاسخارت بەشێكە لە پراكتیزەكردنی ئاسایی جێگۆڕكێی بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەكگرتوەكان.
ئاوێنە: نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق(یونامی)، ئەمڕۆ چوارشەممە، راگەیەندراوێكی لەبارەی "زانیاری چەواشە" سەبارەت بە دەربارەی ڕۆیشتنی جینین هێنیس-پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق بڵاوكردەوە.
یونامی ئەو زانیارییانەی بە "چەواشەكارانە" ناوبردون كە بەم دواییانە لە دەزگا راگەیاندنەكان و سۆشیال میدیای عێراقی بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە ڕۆیشتنی جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی)، لە مانگی ئایاردا.
یونامی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕۆیشتنی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە مانگی ئایاردا بەگوێرەی پراکتیزە ئاساییەکانی نێو نەتەوە یەکگرتوەکانە، لەوانەش جێگۆڕكێی ئاسایی بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان.
ئاماژەی بەوەشداوە، "سەبارەت بە ڕاپۆرتی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لەبارەی تۆمەتەکانی گەندەڵی، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP) لە 23ی کانونی دوەمی 2024 بەیاننامەیەکی بڵاوکردۆتەوەو جگە لەوەش، دەمانەوێت جەخت لەوە بکەینەوە کە یونامی و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP) پێکهاتەی بەڕێوەبردن و دارایی جیاوازیان هەیە."
یونامی داوای لە دەزگاكانی راگەیاند كردوە وردبن لە بڵاوكردنەوەی بابەتەكاندا و خۆیان لە بڵاوکردنەوەی زانیاری چەواشەکارانە بەدور بگرن.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، رۆژی سێشەممەی 23ی مانگی رابردو، لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بە بونی "گەندەڵی گەورە" لە بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەكگرتوەكاندا لە عێراق كردبو.
راپۆرتەكەی گاردیان هێمای بۆ ئەوە كردبو كە كارمەندانی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق "داوای بەرتیل دەكەن لەبەرامبەر هاوكاریكردنی سەرمایەدان بۆ بەدەستهێنانی گرێبەستی پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە لە عێراق."