سودانی: حكومەت هەوڵی كۆتاییهێنان بە بونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەدات
  2024-02-16       251       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەختی كردەوە كە حكومەتی عێراق هەوڵدەدات كۆتایی بە بونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بهێنێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ هەینی، لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی ئاسایشی مینوشن، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ دەیڤید كامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا كۆبوەتەوە.

سودانی و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا تاوتوێی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان عێراق و بەریتانیایان كردوەو سودانی وتویەتی، عێراق زەوییەكی بەپیتە بۆ وەبەرهێنان و كاری ئابوری و دەرگای وەبەرهێنان كراوەیە بۆ كۆمپانیا بەریتانییەكان.

سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەكەدا جەختی كردۆتەوە كە حكومەتی عێراق هەوڵدەدات بۆ رێكخستنی كارەكان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەنگاونان بەرەو كۆتاییهێنان بە بونی هاوپەیمانییەكە لە عێراق و گواستنەوە بۆ پەیوەندیی دوقۆڵی لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

هەر لە كۆبونەوەكەدا سودانی داوایكردوە وڵاتانی گەورە رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی غەززەو راگرتنی لێكەوتەكانی لەسەر ئاسایشی ناوچەكەو جیهان.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبونەوەكەدا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا خواستی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراق خستۆتەڕو و جەختیشی كردۆتەوە كە پەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات نابێ كورتبكرێنەوە بۆ لایەنی ئەمنی و وڵاتەكەی چاوی لە دروستكردنی هاوبەشیی جیاجیایە لەگەڵ عێراق بەتایبەت لە بواری ئابورییدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×