سەرۆكایەتی كۆمار رەتیدەكاتەوە لەتیف رەشید دەستی بەسەر موڵكێكدا گرتبێت
  2024-02-28       622       

سەرۆكایەتی كۆمار ئەو هەواڵانە بە درۆ لەقەڵەم دەدات كە باس لەوە دەكەن لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق دەستی بە سەر موڵكێكدا گرتوەو پاشان داویەتی بە كرێ بە باڵیۆزخانەی كوەیت لە عێراق.

ئاوێنە: سەرۆكایەتی كۆماریی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا وتویەتی، هەندێك پێگەو كەناڵی میدیایی هەواڵێكیان بڵاوكردۆتەوە كە گوایە سەرۆك كۆمار هەڵساوە بە دەستبەسەرداگرتنی یەكێك لە موڵكەكانی دەوڵەت و داویەتی بە كرێ بە باڵیۆزخانەی كوەیت بەبێ هیچ بەڵگەیەكی یاسایی.

بەگوێرەی رونكردنەوەكە، لە مانگی 7ی 2011دا وەزارەتی دارایی فرۆشتنی ئەو موڵكەی كە باس كراوە لە زیادكردنێكی ئاشكرادا راگەیەندوەو لەتیف رەشید بەشداری زیادكردنەكەی كردوەو موڵكەكەی بە بەهای پێنج ملیارو 564 ملیۆن دینار پێ فرۆشراوە كە لەسەدا 25ی پارەكەی راستەخۆ دراوەو ئەوەشی ماوە بەشێوەی قیستی ساڵانە دەدرێت لەگەڵ تێچوی چاككردنەوەی ئەو موڵكە.

سەرۆكایەتی كۆمار وتوشیەتی، پێشتر موڵكەكە بەناوی وەزارەتی داراییەوە تۆماركرا بو بەناوی ژنی تاوانبار عەبد حەمید حەمود تكریتییەوە نەبوە.

وتوشیەتی، وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوایكردوە موڵكەكە بە كرێ بدرێ بە باڵیۆزخانەی كوەیت چونكە لە ناوچەیەكی ئارامدایە لەچاو خراپی دۆخی ئەمنی ناوچەكانی دیكە لەو كاتەدا.

ئەوەشی خستۆتەڕو، كڕینی موڵكەكەو بەكرێدانی بە باڵیۆزخانەی كوەیت ساڵانێكی زۆر بەر لەوە بوە كە لەتیف رەشید پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت.

جەختیشی كردۆتەوە، تۆمەتباركردنی سەرۆك كۆمار لەلایەن كۆمەڵێك كەسەوە لەڕێگەی دەزگاكانی راگەیاندنەوە، ئامانجەكەی رونە كە ناوزڕاندن و زیان گەیاندنە بە سەرۆك كۆمار لەبەرئەوەی رەمزی یەكێتی وڵات و نوێنەریی بەرزترین دەسەڵاتی دەوڵەتە، "ئەم تۆمەتە درۆ و ناوزڕاندنانە، بەهۆی هەڵوێستە سیاسییەكانی سەرۆك كۆمارەوەیە بۆ دژایەتی گەندەڵی و گەندەڵكاران."

سەرۆكایتی كۆمار وتوشیەتی، رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەوانەی كە هەڵساون بە بڵاوكردنەوەی ئەو تۆمەت و درۆیانە و ئەوانەشی لە پڕۆسەكەوە تێوەگلاون دەگیرێتەبەر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×