وەزیری دارایی عێراق مەرجێک بۆ ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم ئاشکرا دەکات
  2024-02-29       1111       

وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دەبێت مانگەکانى داهاتوو سیستەمى مووچە وەکو تەواوی فەرمانبەرانى عێراق بە کارت و لەڕێی بانکەوە بێت، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ناردنی مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی ھەرێم پەیوەستە بە لیستی مووچە و ئەو زانیاریانەی حکومەتی ھەرێم ڕەوانەى بەغدای دەکات.

تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ئەمڕۆ ڕایگەیاندووە، ئەو مووچەى مانگی دوو دەینێرین دوایین مووچە دەبێت و دەبێت مانگەکانى داهاتوو سیستەمى مووچە وەک تەواوی فەرمانبەرانى عێراق بە کارت و لەڕێی بانکەوە بێت.

ئاماژەى بەوەشکردوە، ئەو کاتەى لەبەر دەستدایە دەتوانرێت کارتی بانکی بۆ فەرمانبەرانى هەرێم تەواو بکرێت، بەڵام گەر کات بە فیڕۆ بدرێت ئەوکاتە کارەکان تەواو ناکرێت.

لەلایەکی دیکەوە عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاند: بە گوێرەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی ھەرێم بەپێی ئەو لیست و زانیاریەیە، کە حکومەتی ھەرێم پێشکەشی بەغدای دەکات.

عەتوانی بۆ موچەی مانگی ٣ی موچەخۆرانی ھەرێم جەختیکردەوە لە قسەکانی وەزیری دارایی عێراق و وتی: بۆ مانگی ٣ پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم لەرێگەی ھەژماری بانکییەوە دابینبکرێت.

دادگای فیدراڵی عێراق دوێنێ وردەکاری بریارەکەى ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگەى بڵاوکردەوە، کە بەپێی بڕیارەکان دەبێت حکومەتى هەرێم و بەغدا پابەندییەکانى یەکتر جێبەجێ بکات بەپێدانى مووچەی فەرمانبەران و ڕادەستکردنى داهاتە نەوتى و نا نەوتییەکان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×