بڕیار رەشید: تەنیا بانكە فیدراڵییەكان رێگەپێدراون بۆ تەوتینكردنی موچە
  2024-03-26       442       

بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاسانكاری بكات بۆ ئەوەی بانكە حكومییەكانی عێراق بێنە ناو پڕۆژەی تەوتنیكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەوەی موچەخۆران بژاردەی زیاتریان لەبەردەستدا بێت، هەرچەندە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی تەنیا بانكە فیدراڵییەكان ریگەپێدراون بۆ تەوتینكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.

ئاوێنە: بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لە دوای كۆبونەوەی فراكسیۆنە كوردییەكان لەگەڵ وەفدی حكومەتی هەرێم كە ئیدارەی پڕۆژەی هەژماری من دەدەن، رایگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا ئێمە قسەمان لەسەر ئەوە كرد كە هەمو ئەو بانكانەی لە پڕۆژەی هەژماری مندان بانكی ئەهلین، لەكاتێكدا بانكە ئەهلییەكان متمانەیان كەمترە لای هاوڵاتیان. پرسیاری ئەوەمان كرد بۆچی رێگەنادرێت بانكە حكومییە عێراقییەكان لە هەرێمی كوردستان هەبن، لەكاتێكدا هەردو بانكی رەشیدو رافیدەین لارییان نییە لقەكانیان لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە.

بڕیار رەشید وتیشی، ئەگەر ئەو بانكانە لە كوردستان لقیان هەبێت  ئەوە بۆ موچەخۆران بژاردەیەكی زیاتریان لەبەردەست دەبێت.

وتیشی، ئەوەش لەكاتێكدایە كە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، تەنیا بانكە فیدراڵییەكان رێگەپێدراون بۆ تەوتینكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

لەبارەی بۆچونی وەفدەكەی حكومەتی هەرێم، ئەو پەرلەمانتارە وتی، ئەوان تێبینیان لەسەر بانكەكانی رەشیدو رافیدەین هەبو، لەكاتێكدا دەبێت ئەم تێبینییە بۆ هاوڵاتیان خۆیان بەجێبهێڵرێت كە متمانەی بە كام بانك هەیە.

وتیشی، پێویستە حكومەتی هەرێم ئاسانكاری بكات بۆ ئەوەی بانكی رەشیدو رافیدەین و تی بی ئای بچنە ناو بڕۆژەكەوە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×