مەسرور بارزانی: پلان هەیە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و لەناوخۆشدا یارمەتی ئەمە دراوە
  2024-03-26       683       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ماوەیەكی زۆرە پلان هەیە بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان نەمێنێت یان لاوازبكرێت، لەناوخۆی هەرێمی كوردستانیش یارمەتی ئەم بۆچونە دراوە. دەشڵێت، سبەی لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا بڕیارێك لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان دەدەن.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ لەمیانی بەشداریكردنی لە رێوڕەسمی بەربانگ لە یەكێك لە مزگەوتەكانی شاری هەولێر، وتەیەكی پێشكەشكردو سوپاسی خەڵكی كوردستانی كرد بۆ خۆڕاگری و پشودرێژییان بەرامبەر بەو دۆخە خراپەی هەرێمی كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت.

سەرۆكی حكومەت وتی"دەمەوێت دڵنیاتان بكەمەوە كە ئەوەی لە توانای ئێمەدایە دەیكەین بۆ ئەوەی ئەم كێشەو گرفتانە چارەسەربكەین و بگەینە ئەنجامێك كە لەكۆتاییدا لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و هەمو عێراقیشدا بێت، بەبێ ئەوەی ئێمە بەهیچ جۆرێك واز لە هیچ مافێكی دەستوری خەڵكی خۆمان بهێنین."

لەبارەی هۆكارەكانی ئەو دۆخەی كە دروست بوە مەسرور بارزانی باسی لەوە كرد كە "ماوەیەكی زۆرە پلان هەیە بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان نەمێنێت یاخود لاواز بكرێت، بەشێوازی جۆراو جۆر پلانەكە جێبەجێ كراوەو جێگەی داخە كە هەندێك بیروبۆچونی ناحەز بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان توانیویانە بەم جۆرە رەفتار لەگەڵ خەڵكی كوردستان بكەن، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە كە لەناوخۆشدا یارمەتی ئەم بۆچونە شۆفێنییە دراوە كە رێگە خۆش بكەن بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان و دەسكەوتەكانی هەرێمی كوردستان لەناو ببەن یان لاوازی بكەن."

سەرۆكی حكومەت جەختی كردەوە كە "دروستبونی هەرێمی كوردستان بەم شێوازەی كە هەیە، كەس خێری پێ نەكردوین، ئەمە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و بەرهەمی خەباتی خەڵكی ئێمەیە."

مەسرور بارزانی پێی وایە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمو ئەو ئەركانەی خۆی كە لە دەستوردا هاتون جێبەجێكردون بەڵام "بەداخەوە لە دابینكردنی مافەكانمان تاكو ئێستا زۆر لەو مافانەی ئێمە پێشێلكراون و هەوڵی ئەوەش دەدەن كە ئەوەی لەدەستوریشدا هاتوە پێشێل بكرێت."

ئاماژەی بەوەشداوە كە هەرێمی كوردستان بەسەر دو بەرەدا دابەشبوە، بەرەی یەكەمی بە "بەرەی خۆڕاگری و پاراستنی ئەزمون"ی هەرێمی كوردستان ناوبردو بەرەی دوەم كە بەبڕوای ئەو، بەرەیەكە پێی وایە هەمو قوربانییەكانی خەڵكی كوردستان وازلێ بهێنرێن و "تەنیا نانێكی زەلیلانەمان بدەنێ" و "هەمو كێشەی هەرێمی كوردستان و هەمو دۆزی خەڵكی كوردستان بكرێت بە موچە."

سەرۆكی حكومەت پێشی وایە "زۆربەی خەڵكی كوردستان" لەگەڵ بوچونی بەرەی دوەم نین.

مەسرور بارزانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا داوای لە هەمو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد "واز لە بەرژەوەندی شەخسی و حزبی خۆیان بهێنن، واز لەوە بهێنن كە پێیان وابێت كە لایەنێك سودمەندبێت بەسەر لایەنێكی تر ئەمە دەستكەوتە" و وتیشی"بەهیچ جۆرێك ئەمە دەستكەوت نییە، ئێمە ئەو وەختە دەستكەوتمان دەبێت كە خزمەتی هەمو خەڵكی كوردستان بكەین بەبێ جیاوازی و بتوانین پارێزگاری لە مافە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان بكەین و برایەتی نێوان هەمو پێكهاتەكان لە كوردستان و لە هەمو عێراق بپارێزین."

هەروەها وتیشی"تەنیا كێشەی ئێمە كێشەی موچە نییە، ئێمە كێشەی نەتەوەیی و كێشەی ناسنامەو كێشەی خاكمان هەیە، دەبێت هەمو ئەو مافانە دەستەبەربكەین."

لەكۆتایی قسەكانیدا مەسرور بارزانی وتی"تا ئێستا هەرچی بڕیاری سەختمان داوە پیاوی تەنگانە كەم لەگەڵ ئێمە وەستاوە، سبەی ئێمە بڕیارێك دەدەین كە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانمان هەیە، من دڵنیام هەمو لایەك دەبێت بە شەریكی ئەو بڕیارەی كە سبەی دەیدەین، ئیشەڵا بڕیارێك دەبێت كە لە بەرژەوەندی ئەم خەڵكە دەبێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×