ئێران: چیتر باڵیۆزخانەكانی ئیسرائیل سەلامەت نین
  2024-04-07       186       

سەرۆكی ڕاوێژكارانی خامنەیی ڕایگەیاند، دۆخى ناوچەكە شاهیدی گۆڕانكاری ڕیشەیی دەبن، بەرەی مەقاومەش بە ڕێبەرایەتی ئێران بڕیار لەسەر چارەنووسی ناوچەكە دەدات، دەشڵێت: چیتر باڵیۆزخانەكانی ئیسرائیل سەلامەت نین.

ڕەحیم سەفەوی سەرۆكی ڕاوێژكاری عەلی خامنەیی ڕێبەری ئیسلامی ئێران لە بارەی وەڵامدانەوەی هێرشەكەی هەفتەی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر كۆنسۆڵخانەی وڵاتەكەیان لە دیمەشق، بۆ میدیاكانی ئێران دەدوێت.

ڕەحیم سەفەوی ڕایگەیاند، دۆخى ناوچەكە شاهیدی گۆڕانكاری ڕیشەیی دەبن، بەرەی مەقاومەش بە ڕێبەرایەتی ئێران بڕیار لەسەر چارەنووسی ناوچەكە دەدات.

سەرۆكی ڕاوێژكاری عەلی خامنەیی ڕێبەری ئیسلامی ئێران وتوشیەتى، چیتر باڵیۆزخانەكانی ئیسرائیل سەلامەت نین.

ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە، لە ڕۆژى ١ـی ئەم مانگەدا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر كونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و لە بەرامبەردا ئێران بەڵێنی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە دەدات لە كات و شوێنی گونجاودا.

سەرچاوە هەواڵگرییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل پێیان وایە، ئێران بە نیازی تۆڵەسەندنەوەیە لە ڕێگەی دەستپێكردنی چەند هێرشێک لە ڕێگەى فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و موشەكی كروز بۆ سەر باڵیۆزخانەکانى ئیسرائیل.

هاوكات، ڕۆژنامەی حەمشەهری ئێران ناو و وێنەی نۆ مووشەكی ئێرانی بڵاوكردەوە، كە توانای لێدانی ئیسرائیلیان هەیە، لەوانە مووشەكی “خوڕەمشار ٤” كە تواناى بڕینى دوو هەزار كیلۆمەتری هەیە، هەروەها مووشەكى “سێجیل”، كە تواناى بڕینى مەوداى دوو هەزار و ٥٠٠ كیلۆمەترى هەیە.

دوای هەڕەشەكانی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی بۆردوومان كردنی كونسوڵخانەكەی لە دیمەشق، ئیسرائیل ٢٨ نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لە سەرانسەری جیهان داخستووە، سوپای ئیسرائیل دەڵێت: هەموو هەڕەشەیەك لە دژی خۆمان بە جدی وەردەگرین.

جێگەی ئاماژەیە، ١ـی ئەم مانگە ئیسرائیل هێرشی كردە سەر كونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و بەهۆیەوە محەمەد ڕەزا زاهدی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران و پێنج كەسی دیكەش كوژران، هەروەها ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە لە كات و شوێنی گونجاو دەكاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×