هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە چەند ناوچەیەكی باكووری كوردستان و توركیا دووبارە دەكرێتەوە
  2024-04-08       264       

دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا (YSK) بڕیاریدا هەڵبژاردنى شارەوانیەکان لە هەریەك لە شارۆچكەكانی حیلوان و سیڤەرەكی سەر بە پارێزگای ڕحا لە باكووری كودستان و ئورگوپی نەڤشەهیر و پنارباشیی لە سنورى شارى قەیسەریی توركیا دووبارە بكرێتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە، ئاكپارتی لەو ناوچانەدا تووشی شكستێكی گەورە بووە.

دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا (YSK) لە بارەی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە چەند ناوچەیەكی باكووری كوردستان و توركیا ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بۆ هەڵسەنگاندن و بڕیاردان لەسەر سكاڵاكان، كە لەلایەن پارتە سیاسییەكانەوە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان تۆماركرابوون، كۆبووینەوە و بڕیارمانداوە، هەڵبژاردن لە هەریەك لە شارۆچەكەكانی حیلوان و سیڤەرەكی سەر بە پارێزگای ڕحا لە باكووری كودستان دووبارە بكرێتەوە.

لە شارۆچكەی پینارباشیی سەر بە پارێزگای قەیسەری، پارتی ئۆپۆزسیۆن، جەهەپە ناڕەزایەتیی دەربڕی بەرامبەر بە بڕیاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان، داواكارییەكەی جەهەپە لەلایەن YSK ڕەتكرایەوە، بەمەش سەرلەنوێ هەڵبژاردن لەو شارۆچكەیە ئەنجام دەدرێت.

دوای ئەوەی مەهەپە ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەربڕی، بڕیار لەسەر دووبارە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە شارۆچكەی ئورگوپی سەر بە پارێزگای نەڤشەهیریش درا، هەروەها بەپێی ڕۆژمێری هەڵبژرادنەكان، ڕۆژی ٢ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردن دووبارە دەكرێنەوە.

لە ٣١ ئاداری ئەمساڵ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە باكووری كوردستان و توركیا دەستی پێكرد، تەواوی دەنگەكان جیاكراونەوە و بە گوێرەی ئەنجامەكان، جەهەپە پلەی یەكەمی هەڵبژاردنەكەی گرتووە، پێش ئاكپارتی پارتەكەی ئەردۆغان كەوتووە، دوای ٢٢ ساڵ ئەمە یەكەمین جارە ئەردۆغان و پارتەكەی تووشی شكستێكی لەو شێوەیە ببن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×