هەواڵگریی ئەمریکا نوێترین زانیاری لەبارەی هێرشه‌كه‌ى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئاشکرا دەکات
  2024-04-10       398       

کەناڵی سی ئێن ئێن بەپشتبەستن بەدوو سەرچاوەی هەواڵگریی ئەمریکا بڵاویکردوه‌ته‌وه‌، هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەئەگەرێکی زۆرەوە لەڕێگەی بریکارەکانی تاران لەناوچەکە ئەنجامدەدرێت‌و ڕاستەوخۆ لەئێرانەوە ئەنجامنادرێت.

تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لەڕاپۆرتێكدا بەپشتبەستن بەدوو سەرچاوەی هەواڵگریی ئەمریکی بڵاویکردۆتەوە، هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، لەکاردانەوەی هێرشی هەفتەی ڕابردوو بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لەدیمەشق، بەئەگەرێکی زۆرەوە لەڕێگه‌ی بریکارەکانی تارانەوە ئەنجامدەدرێت، نەوەک ڕاستەوخۆ لەلایەن خودی تارانەوە.

ئەو دوو سەرچاوەیە ڕایانگەیاندوە، خەمڵاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکەن، ئێران داوای لەگروپە چەکدارەکانی سەربه‌خۆی کردوە کە لەیەککاتدا بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان‌و موشەک هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامبدەن‌و ئاماژەیان بەوەشکردوە، ڕەنگە هێرشەکە لەم هەفتەیەدا ئەنجامبدرێت.

یەکێک لەسەرچاوەکان وتویەتی:"مەترسییەکە زۆر ڕون‌و باوەڕپێکراوە".

دەشڵێت:“ئێستا ئێرانییەکان ڕێکخستنیان کردوە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە، بۆئەوەش تەنها چاوەڕێی کاتێکی گونجاون".

لەهەمانکاتدا ئەو دوو سەرچاوە هەواڵگرییە ئەمریکییە ڕایانگەیاندوە، پێناچێت ئێران‌و گروپەكانى سەر بەو وڵاتە لەترسی زیاتر گرژبونی دۆخەکە، ئامادەبن هێرشبکەنەسەر هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا.

ئەو دوو بەرپرسە پێیانوایە، تاران ترسی لەزۆر هەڵکشانی گرژییەکان هەیەو نایەوێت بیانویەک بداتە دەست واشنتۆن یان هاوپەیمانەکانی بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ هێرشبکەنەسەر ئەو وڵاتە.

ئەوەش لەکاتێکدا، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر (دوشەممە) ڕایگەیاندبوو، هێرش بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لەدیمەشق، "ئەنجامدانی تاوانی جەنگە"و ئەمریکا بەرپرسیارە لەم کردەوە "تیرۆریستییە".

هەروەک وتی:"ئێمە ئەو تاوانە تیرۆریستییەی کە قەوارەی زایۆنی بەکەڵکوەرگرتن لەفڕۆکەی جەنگی‌و موشەکی ئەمریکی لەدژی کونسوڵخانەکەمان ئەنجامیداوە، بەلاپەڕەیەکی نوێ بۆ پێشێلکردنی بەئەنقەست لەیاسا نێودەوڵەتییەکان دەزانین، کەواتە ئیسرائیل سزا دەدرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×