سێ كوڕو سێ نەوەی ئیسماعیل هەنیە لە بۆردومانێكی ئیسرائیلدا لە غەززە كوژران
  2024-04-10       674       
ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بۆردومانێكی سوپای ئیسرائیلدا لە غەززە، سێ كوڕو سێ نەوەی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس كوژران.

ئاوێنە: بەپێی میدیا جیهانییەكان، ئیوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێكی لە رۆژئاوای كەرتی غەززە كردۆتە ئامانج و لە ئەنجامدا سێ كوڕ و سێ نەوەی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس كوژران.

سێ كوڕەكەی هەنیە كە كوژراون ناویان حازم، ئەمیر و محەمەد و سێ نەوەكەشی ناویان ئامال، خالد و رەزان بوە.

ئیسماعیل هەنیە لەدوای كوژرانی كوڕەكانی و نەوەكانی لە پەیامێكی دەنگیدا وتی، "دوژمن دەیەوێت لەڕێگەی كردنە ئامانجی منداڵی سەركردەكان و شكاندنی شكۆی گەلەكەمانەوە، سازش بەدەستبهێنێت، بەڵام دەدۆڕێت."

هەروەها نوسینگەی راگەیاندنی حكومەتی غەززە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئۆتۆمبێلی خانەوادەكەی هەنیە، ئێوارەی ئەمڕۆ لەكاتێكدا لەلایەن ئیسرائیلەوە كراوەتەوە ئامانج كە بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە لە گەڕان و سەردانی كۆمەڵایەتیدا بون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×