ئیسرائیل: بەشێک لە مووشەکەکان لە عێراق و سوریاوە ئاڕاستەکراون
  2024-04-14       139       

لە بەیاننامەیەکدا سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، ئێران سوودی لە خاکی عێراق و سوریا وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانی شەوی رابردوو.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند:" بەشێک لەو مووشەک و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی شەوی رابردوو ئێران لە هێرشکردنە سەر وڵاتەکەمان بەکاریهێنان، لە وڵاتەکانی عێراق و سوریاوە ئاڕاستە کرابوون".

شەوی رابردوو سوپای پاسداران زنجیرەیەک هێرشی بە سوود وەرگرتن لە زیاتر لە 400 مووشەک و نزیکەی 300 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا، هاوکات حزبوڵای لوبنانیش چەند مووشەکێکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، توانیویانە بەرپەرچی %99ی هێرشەکان بدەنەوە و سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش وتی، هێرشەکانیان کۆتایی هاتووە و هێرشی نوێ بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام نادەن، مەگەر ئەوەی تەلئەبیب جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە سەر ئێران یاخود بەرژەوەندییەکانیان.

لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو ئێران کوژرانی چەند بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەی لە هێرشێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق راگەیاند، هەر ئەوکات بەرپرسە باڵاکانی تاران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان کرد.

ماوەی چەند رۆژێکە میدیاکانی ئەمەریکا لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەوە هەواڵی ئەنجامدانی هێرشی راستەوخۆی ئێرانیان بۆ سەر ئیسرائیل بڵاودەکردەوە و دوای دەستپێکی هێرشەکانیش، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد:" پێشتر هۆشداری دراوەتە ئەمەریکا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×