بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە: هەرکەس بە رێگەى نایاسایی حەج بکات رووبەڕووى لێپێچینەوەى یاسایی دەکرێتەوە
  2024-05-02       107       

بەڕێوەبەرایەتى گشتى حەج و عومرەى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، خەڵکانێک بەناوى ڤیزەى ساڵى یان هەرجۆرە ڤیزەیەکى تر بانگەشەى بردنى حاجیان بۆ حەج دەکەن، رایدەگەیەنن، سعودیە لێپێچینەوەى تەواو لەوانە دەکات کە بەبێ ڤیزە دەچنە ئەو وڵاتە.

بەڕێوەبەرایەتى گشتى حەج و عومرەى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی حەجی ئەمساڵ خەڵکانێک بەناوی کەسی و کۆمپانیاوە دەستیان کردووە بە بانگەشەی بردنی حاجیان بەرێگەی ڤیزەی ساڵی یاخود هەر جۆرە ڤیزەیەکی دیکە بۆیە لێرەوە بە گرنگ و پێویستی دەزانین هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دووبارە ئاگاداربکەینەوە کە لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە حەجێکی لەم جۆرە نییە و حکومەتی سعوودیەش بۆ ئەمساڵ چەندین رێککاری توندی داناوە بۆ رێگریکردن لە حەجی نافەرمی.

بەڕێوەبەرایەتى حەج و عومرە ئەوەشدەخاتەڕوو، وەزارەتی حەجی عەرەبستانی سعودیە بڵاویکردووتەوە و بە هەموو شاندی وڵاتانی راگەیاندووە کە هەر کەسێک جگە لە رێگەی فەرمی بە هەر رێگەیەکی دیکە لە وەرزی حەجدا فەریزەی حەج ئەنجام بدات لەکاتی دەستگیرکردنی تووشی کێشە دەبێتەوە چ بە پێبژاردنى پارە یاخود بە بەندکردن و رێگریکردن کە جارێکی دیکە ئەو هاوڵاتیە گەشتی سعوودیە نەکاتەوە .

بەڕێوەبەرایەتى گشتى حەج و عومرە هێما بۆئەوەشدەکات، هەر هاوڵاتیەک بە رێگەی ڤیزەی ساڵی یاخود هەر جۆرە ڤیزەیەکی دیکە لە سعودیە دەستگیر بکرێت خۆی بەرپرسیار دەبێت و بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە هەموو دەرهاویشتەکان دەخاتە ئەستۆی خۆیان وهەر کۆمپانیایەک لە ئەگەری ئەنجامدانى ئەمکارە ئەگەر لە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومڕەی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی هەبێت ئەوا مۆڵەتەکەی لێ وەردەگیرێتەوە و جارێکی دیکە بۆی نییە لە هەرێمی کوردستان و عیراق کاری حەج و عومرە بکاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×