سەرۆكایەتی هەرێم: نێچیرڤان بارزانی بۆ "راستەڕێكردن"ی موچەو هەڵبژاردن لە بەغدایە
  2024-04-29       272       

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزای، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "بۆ راستەڕێکردن"ـی پرسەکانی موچە و هەڵبژاردن لە بەغدایە.

ئاوێنە: دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، بە روداوی وت"ئەمڕۆش کۆبونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوامن."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە، 27-4-2024، بە سەردانێکی فەرمی و بۆ کۆبونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان گەیشتە بەغداو دوێنێ یەکشەممە، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا خستەڕو و وتی، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. پرسی هەڵبژاردن و موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیشی بە تەوەری سەرەکیی کۆبونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناوبرد.

دڵشاد شەهاب لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە دو رۆژی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، سەردانی دامەزراوە فیدراڵییەکانی کرد و بەشداری لە کۆبونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کرد".

وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە گوتی، "هیچ هۆکارێک نییە مەترسیی لەسەر موچەی فەرمانبەران دروستبکات. موچە چارەسەر دەبێت و ئەم دڵنیاییە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە موچەخۆران دەدرێت."

باسی لەوە کرد، "لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا کۆمەڵێک پرسی گرنگ و چارەنوسسازی پەیوەست بە داهاتوی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان تاوتوێکران، هاوکات هەڵسانگاندن بۆ سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا و هاتنی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرا."

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×