رۆمانی کچەزاکەم بە کوردی
  2024-05-03       142       

نووسەر و وەرگێڕ ئەردەڵان عەبدوڵڵا لە نوێترین کاری وەرگێڕانی خۆیدا، رۆمانی کچەزاکەم لە نووسینی نووسەری ئەڵمانی بێرنھارد شلینک لە زمانی ئەڵمانییەوە دەکاتە کوردی و لەلایەن ناوەندی چاپ و پەخشی رەھەندنەوە لە دووتۆیی ٥٣٠ لاپەڕە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

بێرنھارد شلینک یەکێکە لەو نووسەرانەی ئەڵمانیا کە بە نووسەرانی نەوەی دوای جەنگ دەناسرێن، چ لە رووی ناوەڕۆک و چ لەرووی فۆرمەوە ، تەواو جیاوازە و خاوەنی رێچکەی خۆیەتی. ھەرئەمەش وایکردووە کە سەرکەوتوو بێت. بەتایبەتی ئەو بابەتانەی کە ھەڵیدەبژێرێت و قسەیان لەبارەوە دەکات، زۆر گرنگن.

 ئەو لە یەک کاتدا نووسەرو پارێزەر و دادوەر و مامۆستای زانکۆشە، کەسێک نەک تەنھا لە رووی ئەدەبییەوە، بەڵکو لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاساییشەوە، زۆر بە وردی ئاگاداری کێشەکانی کۆمەڵگەی مۆدێرنی ئەڵمانیایە، ھەربۆیە ئەمڕۆ لەناو میدیای ئەڵمانیدا، یەکێکە لە ناوە دیارەکان.

نووسەر ھەوڵیداوە لەم رۆمانەدا بەشێوەیەکی ئەدەبی جوان، چیرۆکی تراژیدیای جیابوونەوەی ئەڵمانیا لە دوای جەنگی دووەمی جیھانییەوە باس بکات و لەھەمانکاتیشدا کاریگەرییە نەرێنیەکانی ئەم دابەشبوونە بخاتەڕوو. لەلایەکی ترەوە لەم رۆمانەدا موزیک بەگشتی و پیانۆ بەتایبەتی، پانتاییەکی باش داگیر دەکات و  نووسەر قسەی زۆر لەبارەی موزیک و موزیکژەن و تابلۆکێشە ناسراوەکانی جیھان دەکات. ھەروەھا بەھێزبوونی نازییە نۆییەکان و ھێزە ڕاستڕەوەکان و پرسی بیانییەکان لە ئەڵمانیا، تەوەرێکی تری ئەم رۆمانەیە.

ئەم رۆمانە لە ساڵی ٢٠٢١ دا بەناونیشانی « کچەزاکەم» بڵاوبوویەوە، ھەر لەپاش بڵاوبوونەوەی چووە لیستی باشترین کتێبە باشەکانی ئەڵمانیا بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەتایبەتی چووە لیستی کتێبە باشەکانی گۆڤاری شپیگلی ئەڵمانیا. ئەو گۆڤارە پێشی وایە کە لە ئێستادا، بێرنارد شلینک، یەکێکە لە سەرکەوتووترین و ھەمەلایەنترین نووسەرانی ئەڵمانیا. رەخنەگری ئەڵمانی مارکوس نۆیس دەڵێت: ئەم رۆمانە ئەزموونێکی پەروەردەیی گرنگە و دانوستان لە نێوان نەوەکانی ئەڵمانیای دابەشکراودا دەکات. کەناڵی ئێن ئار دێی  ئەڵمانیا لەمبارەوە راپۆرتی بڵاوکردەوەو دەڵێت: رۆمانی کچەزاکە، رۆمانێکی زۆر سەرنجراکێش و کاریگەرە. ژنە رەخنەگر و مامۆستای زانکۆ ئانا شتۆلبێرگە پێی وایە، رۆمانی کچەزاکەم، یەکێکە لە رۆمانە باشەکانی ئەڵمانیا و خوێنەر کە دەستی بە خوێندنەوەی کرد، ناتوانێت وازی لێبێنێت.
ئەم کتێبە ئێستا لە کتێبخانەکانی  کوردستان دەستدەکەوێت

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×