نۆبڵی ئه‌م ساڵ به‌ ئان کارسۆن به‌خشرا
  2026-10-14     
ئان کارسۆن

 ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

 

رۆژی 8 ی ئه‌م مانگه‌ خه‌ڵاتی نۆبڵی ئادابی ئه‌م ساڵ لەلایەن ئەکادیمیای سویدی به‌ خاتوو ئان كارسۆنی نووسەر و شاعیر و وەرگێڕ و ڕەخنەگری ئەدەبی و زانای ئەدەبیاتی کۆن و زمانزان، به‌خشرا. ئەکادیمیای ناوبراو هۆکاری به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ئه‌و نووسه‌ره‌ كه‌نه‌دییه‌ی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ (به‌ کۆمەڵە بەرهەمێکی جۆراوجۆری بوێرانە و نوێخوازانە و داهێنەرانه‌ بە دیالۆگی چێژبەخش لەگەڵ نەریتی کلاسیکی، شێوە نوێکانی ئەدەبیاتی هاوچەرخی بوژاندۆته‌وه). ئەو نووسەرێک نییە تەنیا لە سنووری جۆرێکی دیاریکراوی ئەدەبیدا ره‌نگیدابێته‌وه‌، بەرهەمەکانیشی بە شێوەی سادە پۆلێن ناکرێن؛ شاره‌زایان ده‌ڵێن ئەو شاعیرێکە وەک ڕەخنەگر بیر دەکاتەوە، وەرگێڕێکە وەک شاعیر دەنووسێت، نووسەرێکیشە جیاوازیی نێوان مێژوو و ئێستا ناهێلێت. هاوكات پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ ئەدەبی کلاسیکی یۆنانیدا هەیە؛ بەتایبەتی لەگەڵ ساڤۆی و نووسەرانی تراژیدیا. چه‌ندان دەقی كۆنی کلاسیکی دووبارە داڕێژتۆته‌وه‌ تا بۆ کێشەکانی سەردەم بەکاری دەهێنێت. ئه‌و تێكه‌ڵكردنه‌ی كۆن و نوێ‌ یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی. گومان له‌وه‌شدانییه‌ هێنانی ئەفسانە و دەقی یۆنانی کۆن بۆ ناو ژیانی مرۆڤی هاوچەرخ هونه‌رێكی زۆری ده‌وێت. بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری دەقە کۆنەکانیش به‌سه‌ر خوێنەری ئێستا زۆر بێت، زمانێکی زیندوو و هاوچەرخ و توندی بەکارهێناوه‌، كه‌ له‌گه‌ڵیدا به‌رده‌وام پارێزگاری لە قووڵی و ڕەسەنایەتی دەقە یۆنانییەکان كردووه‌.

ئان پاتریسیا كارسۆنAnne Patricia Carson  ناسراو به‌ ئان كارسۆن Anne Carson  رۆژی 21 ی حوزه‌یرانی ساڵی 1950 له‌ تۆرۆنتۆی وڵاتی کەنەدا هاته ‌دنیا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوکی بانکدار بوو بۆیه‌ لە ژمارەیەک شارۆچکەی بچووکی ئه‌و وڵاته‌ گەورە بووە. لە قۆناغی خوێندنی ئامادەیی، مامۆستای‌ لاتینی بە جیهان و زمانی یۆنانی کۆنی ناساند. به‌هۆیه‌وه‌ حه‌زی له‌ بابه‌ته‌ ئه‌ده‌بییه‌ گریگییه‌كان كرد. دواتر لە کۆلێژی سانت مایکلی زانکۆی تۆرۆنتۆ ناوی تۆمار کرد، به‌ڵام دوو جار لە کۆتاییه‌كانی ساڵی یەکەم و دووەمیدا، جێیهێشت. دواتر گەڕاوه‌ زانکۆ تا له‌ ساڵی 1974 بەکالۆریۆس و ساڵی دواتریش ماستەری به‌ده‌ستهێنا. ساڵی 1979 لە زۆر زانکۆی ئەمه‌ریکا و کەنەدا وانەی کلاسیک و ئەدەبی بەراوردکاری و نووسینی داهێنەرانەی وته‌وه‌. ساڵی 1981 دکتۆرای بەدەستهێنا. دواتر وه‌ك پرۆفیسۆر له‌ زانكۆكانی كه‌نه‌دا و ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام بوو له‌ وتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كلاسیكی.

ساڵی 1986 كتێبی (ئێرۆس؛ شیرینیی تاڵ Eros the Bittersweet) ی بڵاوكرده‌وه‌. كه‌ کتێبێكی شێوه‌ ڕەخنەییه‌ له‌نێوان شعر و توێژینەوەی زانستی و فەلسەفی، پەیوەندیی بە ئەدەبی یۆنانی کۆنە و تێڕامانێکی قووڵ و فەلسەفییە لەسەر سروشتی دژبەیەکی عەشق و ئارەزووی ڕۆمانسی لە ئەدەب و فەلسەفەی یۆنانی کۆندا. تێیدا ویستویه‌تی نیشان بدات خۆشەویستی تەنیا هەستێکی ناوخۆیی نییە؛ بەڵکو شێوازێکە بۆ بینینی جیهان و خۆمان. هه‌روه‌ها بەدواداچوونی بۆ چێژ و خۆشەویستی كردووه،‌ كه‌ هەم شیرینە و هەم تاڵ و به‌خوێنه‌ری وتووه‌ عەشق هێزێکی سەرکێش و تێکدەره‌.

ساڵی 1992 كتێبی (کورتە قسەکانShort Talks ) و ساڵی 1995 دیوانی (شووشە، ئیرۆنی و خودا Glass, Irony, and God ) ی بڵاوكرده‌وه‌ و به‌هۆی ئه‌وه‌ی دوایی‌ خه‌ڵاته‌كانی (QSPELL) و(A. M. Klein) ی پێبه‌خشرا. (ئاوی سازگار Plainwater) ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ بەرهەمێکی ناوازەیە و تێکەڵەیەکە لە شیعر و پەخشان و وتاری ئەدەبی و یادەوەری و سنوورەکانی نێوان چەشنە ئەدەبییەکان بڕیوه‌ و جیهانی کلاسیکی کۆن و مۆدێرن پێكەوە گرێداوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ وه‌ك شاعیرێكی دیار ده‌ركه‌وت. ساڵی 1998 ڕۆمانه‌ شعریی (ئۆتۆبیۆگرافیای سوور Autobiography of Red) ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ یەکێکه‌ لە ناسراوترین کارەکانی. ئیلهامه‌كه‌ی لە ئەفسانەیەکی یۆنانی وەرگیراوە كه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌فسانه‌كه گێریۆن ‌ دێوەزمە یان یان زەبەلاحێکی سێ سەره‌ به‌ڵام لێره‌دا دێوەزمە نییە، بەڵکو کوڕێکی گەنجی هەستیار و گۆشەگیر و هونەرمەندە ، باڵه‌ سووره‌كه‌ی نیشانەی جیاوازی و نامۆبوونیەتی لە کۆمەڵگەدا. لە منداڵییەوە هەست به‌ جیاوازی دەکات. ناوەڕۆکی کتێبەکە ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ی به‌رجه‌سته‌ كردووه‌: (خۆشەویستیی گەنجان؛ ناسینی خۆ و جەستە؛ جیاوازی و هەستی نامۆبوون؛ برین و شکستی دڵ؛ پەیوەندیی نێوان ئەفسانە و ژیانی ئێستا؛ و هەوڵی مرۆڤ بۆ پاراستنی یادەوەرییەکانی). هاوكات به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌ی كردووه‌، ئایا مرۆڤ دەتوانێت خۆی بە تەواوی بۆ کەسێکی تر بکات، بەبێ ئەوەی خۆی لەدەست بدات؟

ساڵی دواتر كتێبی (ئابووری لەدەستنەدراوەکان Economy of the Unlost ) و ساڵی 2000 كتێبی (پیاوان لە کاتی پشوودا Men in the Off Hours) ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ پێكهاته‌یه‌كه‌ له‌ شعری جۆراوجۆر و پەخشان و وتاری شعری و نووسین لەباره‌ی هونەر و یادەوەری. كۆن و نوێی ئاوێته‌ی یه‌كتری كردووه‌ و گه‌ره‌كییه‌تی پیشان بدات ژیان تەنیا لە ساتە گەورە و دراماتیکەکان پێک نایەت؛ بەڵکو لەو کاتە بچووک و بەتاڵانەش کە تێیاندا مرۆڤ بیردەکاتەوە. به‌هۆی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ خه‌ڵاتی خەڵاتی شیعری گریفینی پێبه‌خشرا. ساڵی دواتر كتێبی (جوانی مێرد The Beauty of the Husband) ی بڵاوكرده‌وه‌. ئەم بەرهەمە بە شێوەیەکی تایبەت نووسراوە و لە 29 تانگۆ پێكهاتووه‌. تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر شکستی پەیوەندیی هاوسەرگیری. كه‌ پەیوەندییەکی ئاڵۆزە لە نێوان نزیکبوونەوە و دوورکەوتنەوە، ڕاکێشان و پاڵنان، دەستگرتن و جیاوازی. تێیدا خۆشەویستییەکی خستۆته‌ڕوو لە سەرەتا جوان و پڕه‌ لە ئارەزوو، بەڵام دواتر بە خیانەت، دووری و بێ‌ مه‌یلی تێکدەچێت. مێرد لە چاوی ژنەکەدا هەم جوانە و هەم زیانبەخش؛ هەم کەسێکی خۆشەویستە و هەم سەرچاوەی برین. نووسه‌ر له‌وه‌شدا كارامه‌ییانه‌ی تاوتۆی وه‌ڵامی پرسیاری له‌و جۆره‌ی كردووه‌: چۆن خۆشەویستی دەگۆڕێت بۆ پەیوەندییەکی زیانبەخش؛ بۆچی مرۆڤ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و کەسه‌ نابێت كه‌ پێشتر زامداری کردووە؛ ئایا دەتوانرێت لە دوای شکستی خۆشەویستی، ناسنامەی خود دووبارە دروست بکرێته‌وه‌. به‌هۆی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ش‌ خه‌ڵاته‌كانی (تی ئێس ئێلیوت) و (كتێبی لۆس ئه‌نجلۆس تایمز) ی پێبه‌خشرا

ساڵی دواتر شانۆگه‌رییه‌ تراژیدیایه‌كه‌ی (ئێلیکترا Electra) ی سۆفۆکلێسی له‌ یۆنانی وه‌رگێڕاو و بڵاویكرده‌وه‌. ساڵی 2002 دیوانه‌ شیعری (ئەگەر نا، زستان If Not, Winter) ی شاڤۆی شاعیری وه‌رگێراو و بڵاویكرده‌وه‌. ساڵی 2005 كتێبی (خۆ‌هەڵوەشاندنەوە Decreation) ی بڵاوكرده‌وه‌ کە تێکەڵەیەکە لەشعر و وتار و بۆچوونی فەلسەفی و ڕەخنەی ئەدەبی. وشەی Decreation لە بیرۆکەکانی فەیلەسوف و عارفی فەرەنسی سیمۆن ویل وەرگیراوە. مەبەستی سەرەکیشی ئەوەیە کە مرۆڤ هەندێک جار دەبێت‌ ئەو خۆیەی زۆر بەخۆیەوە پەیوەستە، کەم بکاتەوە یان هەڵیبوەشێنێتەوە، بۆ ئەوەی جیهان و کەسانی دەوروبەری بە ڕوونتر ببینێت. كه‌واته‌ لێره‌دا خۆهەڵوەشاندنەوە مانای ونبوون یان نەمانی مرۆڤ ناگه‌یه‌نێ بەڵکو کەمکردنەوەی خۆپەرستی و گوێگرتنه و نووسه‌ریش ده‌یه‌وێت بڵێت: ئایا مرۆڤ دەتوانێت لە ناو خۆیدەرچێت و بە جیهانێکی گەورەتر پەیوەست بێت؟

ساڵی دواتر كتێبی (وانەکانی خەمGrief Lessons ) ی بڵاوكرده‌وه كه‌ چوار شانۆی تراژیدیای كۆنی یۆنانی وه‌رگێڕدراوه‌ كه‌ یۆریپیدیس دایڕێشتوون و بابەتەکانی وەک: خۆشەویستیی کوێرانە؛ توندوتیژی؛ بڕیاری سیاسی؛ جەنگ؛ خودپەرستی؛ و زیانی ئایدیۆلۆژیا دەبینرێن و به‌گشتیش تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن مرۆڤ لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی خەم، توڕەیی و لەدەستداندا و چۆن تراژیدیا دەبێتە ئامرازێک بۆ پاڵفتەکردنی دەروونی مرۆڤ. ساڵی 2009 كتێبی (ئەن ئۆرێستیا An Oresteia ) ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ کۆکردنەوەیەکی شاره‌زایانه‌ و مۆدێرنی سێ شانۆگەری تراژیدی یۆنانی کۆنه‌ ئه‌وانیش ئەگامێمنۆنی ئیسخیلوس و ئێلێکترای سۆفۆکلیس و ئۆرێستیسی یوریپیدیس و تایبه‌تن به‌ جه‌نگی ته‌رواده‌. ساڵی دواتر كتێبی (شەو Nox) ی بڵاوكرده‌وه كه‌ بەرهەمێکی تایبەتە لە شێوە و پێکهاتەدا و شیوه‌ننامه‌یه‌ و پەیوەندی بە مردنی براکەی نووسه‌ره‌وه‌ هەیە كه‌ ساڵی 2000 له‌ دووری ئه‌و كۆچی دوایی كردبوو. خەم و هەوڵی تێگەیشتنە لە کەسێک کە لە ژیاندا بە تەواوی نەماوە. لە ڕێگەی زمان و یادەوەری دەیەوێت دووبارە پەیوەندیی لەگەڵ دروست بکاته‌وه‌، بەڵام لە کۆتاییدا دەزانێت کە هیچ دەقێک ناتوانێت کەسێکی مردوو بگەڕێنێتەوە.

ساڵی 2012 ده‌قی شانۆیی (ئەنتیگۆنیک Antigonick) ی بڵاوكرده‌وه‌. كه‌ پێداچوونه‌وه‌ و وه‌رگێرانێكی نوێ و جیاوازی شانۆگه‌رییه‌ تراژیدیاكه‌ی ئەنتیگۆنیکی سۆفۆکلیسه‌. ساڵی دواتر كتێبه‌كانی (نەخێر بەڵکوNay Rather ) و (دۆكیۆمێنتی سوور Red Doc) ی بڵاوكرده‌وه‌. ئەو بەرهەمەی دوایی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ به‌  ئۆتۆبیۆگرافیای سوور پەیوەندیدارە، بەڵام هەمان چیرۆکی ێشوو نییه. ئەفسانە و ژیانی هاوچەرخی ئاوێته‌ كردووه‌. لێره‌دا جێریۆن گەورەتر بووە و جیهانی دەوروبەریشی ئاڵۆزتر. جێریۆن تەنها گەنجێکی بریندار نییە؛ بەڵکو مرۆڤێکە کە دەبێت لەگەڵ گۆڕان و نادیارییەکانی ژیان بژی. ئه‌وه‌شیان كۆمه‌ڵێك ره‌هه‌ندی هه‌یه‌ له‌وانه‌ (گۆڕانی ناسنامە؛ پەیوەندییە کۆنەکان؛ هەستی لەدەستدان؛ ئاوارەیی و گەڕان؛ و هەوڵی مرۆڤ بۆ دۆزینەوەی مانای ژیانه‌). به‌هۆی ئه‌و كتێبه‌ بۆ جاری دووه‌م خه‌ڵاتی خەڵاتی شیعری گریفینی پێبه‌خشرا.

ساڵی 2014 كتێبه‌كانی (وەرزشی ئەلبێرتین The Albertine Workout ) و (ئیفیجینیا لەناو تاورییەکانIphigenia Among the Taurians ) ی بڵاوكرده‌وه‌. ئه‌وه‌ی دوایی شانۆگه‌رییه‌كی یۆریپیدسە تێیدا قوربانیدان و ئازایه‌تی و هه‌وڵه‌كانی رزگاربوون ده‌بینرێت. ساڵی 2015 شانۆگه‌ری (ئەنتیگۆن Antigone) ی سۆفۆکلیس و شانۆگه‌ری (باخایی Bakkhai) ی وه‌رگێڕاو و بڵاویكرده‌وه‌. ساڵی دواتر كتێبی (سه‌رئاوكه‌وتن Float) ی بڵاوكرده‌وه‌ کە لە چەند ته‌وه‌ره‌ی جیاواز پێکهاتووە (شعر؛ نامە؛ گفتوگۆ؛ تێبینی؛ دەقی شانۆیی؛ بیرکردنەوەی کورت) و خوێنەر دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی تێکەڵیان بکات و بیخوێنێتەوە، وەک بڵێی لەناو دەریایەک شیعردا سەر ئاو کەوتبێت و لە دەقێکەوە بۆ دەقێکی دیكه ده‌چێت‌، بێ ئەوەی هەمیشە لە ناوەڕاستدا ڕێگایەکی دیاریکراو ببینێت.

ساڵی 2019 كتێبی (نۆڕما جین باکەر لە ترۆی Norma Jeane Baker of Troy) ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئۆپێرایەکی شیعری و شانۆییە و تێیدا نۆرما جینی باکەر ناوی ڕاستەقینەی مارلین مۆنڕۆیە و تڕۆیش ئاماژەیە بۆ هێلینی تڕۆی. بەرهەمەکە بەراوردێکه‌ لە نێوان تراژیدیا و پێگەی مارلین مۆنڕۆ و هێلینی تڕۆیی، وەک دوو هێمای جوانی کە بوونە قوربانی کۆمەڵگا و مێژوو. ساڵی 2021 كتێبی (ژنانی ترۆجان: کۆمیکێک The Trojan Women: A Comic ) ی بڵاوكرده‌وه‌. كه‌ به‌رهه‌مێكی هونەری هاوبەشه‌ لەنێوان نووسه‌ر و ڕۆزانا برونۆی نیگاركێش کە تێیدا شانۆگەرییە تراژیدییە کۆنەکەی (ژنانی تروادە) یۆریپیدس گۆڕدراوە بۆ شێوازی چیرۆکی وێنەیی.

ساڵی 2021 كتێبی (ڕێبەری هێراکلیسH of H Playbook ) ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ وەرگێڕان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیەکی مۆدێرن و تاقیکارییە بۆ شانۆگەری هێراکلیسی  یۆریپیدس. ئان کارسۆن بە شێوازێکی جیاواز ئامادەی کردووە؛ تێکەڵەیەکە لە شیعر و وێنە و دەقی دەستنووس کە لەسەر کاغەزی جیاواز کێشراون و چاپکراون. چیرۆکی هێراکلیسی پاڵەوانە کاتێک لە شەڕ دەگەڕێتەوە و تووشی بارودۆخێکی سه‌ختی دەروونی دەبێت و ناتوانێت خی له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئاسایی بگونجێنێت، کە نووسەر وەک هێمایەک بۆ نەخۆشیی دەروونی و کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر مرۆڤی هاوچەرخ نیشانی داوه‌. ساڵی 2024 كتێبی (پێوه‌ری هەڵە Wrong Norma) ی بڵاوكرده‌وه كه‌ کۆمەڵە شیعر و پەخشانه‌‌. کارسۆن خۆی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی ئەوەی بابەتەکانی ناو ئه‌و کتێبە (کە لە 25 پارچەی جیاواز پێكهاتووه‌) پەیوەندی ڕاستەوخۆ و یەکگرتوویان بە یەکەوە نییە و ناچنە چوارچێوەی یەک پێوەر. بۆیه‌ ناوی ناوە هەڵە، یان نادروست. تێیدا باسی چەندین کەسایەتی مێژوویی و ئەدەبی له‌وانه‌ سوقرات و فلۆبێر و جۆزێف کۆنرادی كردووه.‌ هاوشان لەگەڵ بابەتەکانی وەک بەفر و هەژاری و بیرەوەریه‌كانی باوکی. ئەم بەرهەمە لە ساڵی بڵاوبوونەوەیدا دەنگدانەوەی گه‌وره‌ی هەبوو و گەیشتە لیستی کۆتایی خەڵاتی کتێبی نیشتمانی بۆ شیعر لە ئەمه‌ریکا

كارسۆن لە جیهانێکی پڕ لە زانیاری و مێژوو و زماندا دەگەڕێت، بەڵام بابەتە سەرەکییەکانی نووسینه‌كانی هەمیشە تایبه‌تن به‌ مرۆڤ له‌وانه‌: چۆن خۆشەویستی دەکەین؟ چۆن خەم دەخۆین؟ چۆن لەگەڵ جیاوازیی خۆمان دەژین؛ چۆن لەگەڵ مردن ڕووبەڕوو دەبینەوە؛ چی لە خۆمان دەمێنێتەوە کاتێک کەسێک یان شتێک لەدەست دەدەین؟ چۆن لەگەڵ یادەوەرییەکانمان بژین؟  چۆن بە زمان هەوڵ دەدەین شتێک بڵێین کە لەوانەیە هیچ وشەیەک بۆی بەس نەبێت؟. گرنگی ستایله‌كه‌شی لەوەدایە کە سنووری نێوان جۆرە ئەدەبییەکانی شکاندووه‌. کارەکانی بۆ خوێنەر ئاسان نین، چونکە بە شێوەی ڕۆمانە کلاسیکییەکان، چیرۆکی ڕێک و پێک بە دەستەوە ناده‌ن. بەڵام هەر ئەم ئاڵۆزییەش وا له‌ خوێنەر دەکات لەگەڵ دەقەکاندا بەشداری بکات و ماناکان دروست بکات.

جگه‌ له‌و خه‌ڵاتانه‌ی ناومان هێنان به‌ر له‌ گه‌یشتن به‌ باڵای نۆبل، ئان كارسۆن پێشتر كۆمه‌ڵێك خه‌ڵاتی سه‌نگینی دیكه‌ی پێبه‌خشراوه‌، له‌وانه: (لانان بۆ شیعر) له‌ ساڵی 1996، (خەڵاتی گەورەی ئەدەبی نێودەوڵەتی بلو میترۆپۆلیس بۆ دەستکەوتی تەمەنی) له‌ ساڵی 2016، (خه‌ڵاتی شازادەی ئەستوریاس بۆ ئەدەب) له‌ ساڵی2020 ، (خەڵاتی پێن/ نابۆکۆڤ) له‌ ساڵی2021 ، (خەڵاتی ئەدەبی نێودەوڵەتی زبیگنیو هێربێرت) له‌ ساڵی 2025 ئه‌مه‌و جگه‌ له‌و به‌رهه‌مانه‌ی ناومان هێنان كۆمه‌ڵێك چاپكراوی دیكه‌ی هه‌یه‌.

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×