بانکی ناوەندی بۆ پرسی تەوتین ناوی بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی رەوانەی دادگای فیدراڵی کرد
  2024-09-04       602       

بانكی ناوەندیی عێراق، بۆ پرسی تەوتین ناوی ئەو بانكە مۆڵەتپێدراوانەی رەوانەی دادگای فیدراڵی كردوە كە لە هەرێم لقیان هەیە، بەپێی نوسراوی بانكی ناوەندی لە کۆی 66 بانکی مۆڵەتپێدراو 39 بانکیان لقیان لە شارەکانی هەرێم هەیەو تەنیا یەك دانەشیان بانكی حكومییە.

ئاوێنە: د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمشەو چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، لەوەڵامی نوسراوێکی دادگای باڵای فیدڕاڵیدا کە پەیوەستە بە پرسی تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بانکی ناوەندیی عێراق، لیستی ژمارە و ناوی ئەو بانکانەی ناردوە بۆ دادگای فیدڕاڵی کە مۆڵەتپێدراون و لەهەرێمی کوردستان لقیان هەیە و کاردەکەن.

بەپێی نوسراوەکە لە کۆی 66 بانکی مۆڵەتپێدراو 39 بانکیان لقیان لە شارەکانی هەرێم هەیەو لەو ژمارەیەش 34 بانک لقیان لە شاری هەولێر هەیە و 18 بانکیان لە سلێمانی و 11 بانک لقی لە شاری دهۆک هەیە.

هەربەپێی زانیارییەکانی ناو ئەو لیستە لەکۆی 7 بانکی حکومەتی فیدڕاڵ تەنیا یەک بانکیان کە بانکی بازرگانی عێراق(تی بی ئای)ە لقی لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەیە.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×