میدیاكانی ئەمریكا: خامنەیی فەرمانی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بۆ سەر ئیسرائیل داوە
  2024-11-01       501       

میدیاكانی ئەمریكا بڵاویان كردۆتەوە كە عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران فەرمانی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بۆ سەر ئیسرائیل داوەو هێرشەكەش لە خاكی عێراقەوە ئەنجام دەدات.

ئاوێنە: رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لەزاری سێ سەرچاوەی ئێرانییەوە بڵاویكردۆتەوە كە ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، فەرمانی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بۆ سەر ئیسرائیل داوە.

بەپێی رۆژنامەكە، عەلی خامنەیی رۆژی دوشەممە، فەرمانی بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران داوە كە ئامادە بن بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل.

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لەزاری ئەو بەرپرسانەوە وتویەتی، خامنەیی لەدوای تاوتوێكردنی راپۆرتی وردی فەرماندە باڵاكانی سوپای ئێران لەبارەی قەبارەی زیانەكانی هێرشەكەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەو فەرمانەی داوە.

ئەو سەرچاوانە وتوشیانە، خامنەیی وتویەتی، قەبارەی هێرشەكەی ئیسرائیل و ئەو زیانانەی لێی كەوتونەتەوە "ئەوەندە زۆر زۆر بون" كە ناكرێت لەبەرچاو نەگرێن و "وڵام نەدانەوەی هێرشەكە بە واتای قبوڵكردنی شكستە."

بەپێی سەرچاوە ئێرانییەكان كە بۆ رۆژنامەكە قسەیان كردوە، فەرماندە سەربازییەكانی ئێران خەریكی ئامادەكردنی لیستی دەیان پێگەی سەربازیی ئیسرائیل بۆ ئەوەی بكرێنە ئامانج و بە ئەگەرێكی زۆریشەوە هێرشەكەی ئێران دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا كە بڕیارە رۆژی 5ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت چونكە ئێران نیگەرانی ئەوەیە ئاڵۆزی نوێ لە ناوچەكە لە بەرژەوەندی دۆناڵد ترەمپ بكەوێتەوە.

هاوكات پێگەی ئاكسیۆسی ئەمریكی لە زاری دو سەرچاوەی ئیسرائیلییەوە ئاماژەی بەوەداوە كە بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكانی ئێسرائیل، ئێران خەریكی خۆ ئامادەكردنە بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل و هێرشەكەش لە خاكی عێراقەوەو لە چەند رۆژی داهاتودا ئەنجام دەدات.

بەپێی ئەو پێگە ئەمریكییە چاوەڕوان دەكرێت هێرشەكەی ئێران لە خاكی عێراقەوەو بە بەكارهێنانی ژمارەیەكی زۆر درۆن و مۆشەكی بالیستی ئەنجام بدرێت و پێشبینیشی كردوە هێرشەكە بكەوێتە بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×