لەپارێزگای دھۆک کچانی ١١و ١٢ ساڵ مارە دەکرێن
  2025-03-07       937       
ساڵانە ئەم حاڵەتانە روودەدەن

ئا: عەمار عەزیز

 

ھێشتا مارەکردنی کچانی تەمەن خوار ١٨ ساڵ لەھەندێک ناوچەی پارێزگای دھۆک تۆمار دەکرێن، نوێترین حاڵەت لەسنوری قەزای بەردەڕەش بووە، کە کچێکی ١١ ساڵ بەشوو دراوە، پارێزەرێک دەڵێت "ئەوانەی هاوسەرگیری لەگەڵ ١١ ساڵ‌و ١٢ ساڵ تا ١٥ ساڵ ئەنجامدەدەن، لەدادگای شێخان کە سەر بەحکومەتی ناوەندی عێراقە مارە دەکرێن ".

 

پەروین جوبرائیل، بەرپرسی رێکخراوی ئافرەتان لە قەزای بەردەڕەش سەبارەت بەشوودانی کچێکی تەمەن ١١ ساڵ لەقەزاکە، ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانە ئەم حاڵەتانە ڕودەدەن، ئەو بەئاوێنەی وت "هەرچەندە رێژەکە کەمەو لەهەوڵی بەردەوامداین‌و دەمانەوێت بەیەکجاری بنبڕبکرێت، بەڵام ھەر دەکرێت، ئەمەش پەیوەندی بەکۆمەڵێک ھۆکارەوە ھەیە، لەوانە کاریگەری مۆبایل، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، دابونەریتی کۆمەڵایەتی‌و ناهوشیاری ھەندێک خێزان‌وھەندێکجار چاولێکەریش دەبێتە پاڵدەر بۆ ئەنجامدانی ئەم جورە ھاوسەرگیریە".

 لەبارەی روڵی ئەوان و کارکردنیان لەسەر پرسەکە، پەروین وتی "ئیشی ئێمە زیاتر مەیدانییە، سەرەدانی ماڵان دەکەین‌و ئامۆژگارییان دەکەین کە کچانی خۆیان زوو بەشوو نەدەن، ھەروەھا بۆیان شی دەکەینەوە کە ھەر کەسێک ئەم ھاوسەرگیرییە بکات، ئەوا رێکاری یاسایی توند لەدژییان دەگریرێتەبەر، ھەروەھا کۆمەڵێک نمونەیان بۆ دەھێنینەوە کە کچان ھاوسەرگیریان لەخوار تەمەنی یاسایی کردوەو دوای ماوەیەک لێک جیابوونەتەوە".

 پەروین داوا لەمامۆستایانی ئایینی دەکات بەھیچ شێوەیەک کچانی خوار تەمەنی یاسایی مارە نەکەن‌و خۆیان دووربگرن لەم بابەتە، ئەو وتیشی "بنبرکردنی ئەم بابەتە پەیوەندی بەھەموو کەسێکەوە، ھەیە بەتایبەت پیاوانی ئایینی، ئەوان لەلایەک دەبێت ئامۆژگاری خەڵک بکەن‌و لەلایەکی تریش بەھیچ شێوەیەک کچانی خوار تەمەنی یاسایی مارە نەکەن‌و لایەنی پەیوەندیداریش رێکاری توند لەدژی ئەو کەسانە بگرنەبەر کە ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە دەکەن بۆ ئەوەی بنبڕ بکرێت".

 

سەبارەت بەدەنگدانەوەی مارەکردنی کچێکی تەمەن ١١ ساڵ، ئیبراھیم دەربێسانی، سەرۆکی لقی یەکێتی زانایانی ئایینی لەقەزای بەردەڕەش بەئاوێنەی وت " ئەم پرسە کۆنەو تازە داواکاری گشتی بەردەڕەش بەمەبەستی دووبارە نەبوونەوە، داوای لەئەوقافی بەردەڕەش کردوە کە مامۆستایانی ئایینی ئاگادار بکاتەوە، تاوەکۆ دووبارە نەبێتەوە، چونکە سزای یاسایی لەسەرە ".

وتیشی "لەڕووی شەرعەوە تەنیا بۆ باوک ھەیە بەکۆمەڵێک مەرج لەم تەمەنەدا کچەکەی مارە بکات، ئەگەر باڵغ نەبووبێت، ئەگەر باڵغیش بێت‌و لەڕووی جەستەیی‌و عەقڵییەوە پێگەیشتبێت بەڵێ دروستە، بەڵام لەم سەردەمەدا لەبەر کۆمەڵێک ھۆکاری یاسایی‌و کۆمەڵایەتی‌و تەندروستی نابێت بکرێت".

جەغتی لەوەش کردەوە کە "ھەندێکجار ئەم حاڵەتە ڕوودەدات لای کەسانێک کە بەڕواڵەت ناویان مەڵایە، ئەگەر نا نەلەڕووی عیلم‌و نەلای ئەوقاف مەلا نین، بۆیە دەبنە مایەی ناشرینکردنی ناوو پێگەی مامۆستایانی ئایینی".

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەوتەی پارێزەرێک ساڵانە لەسنوری قەزای بەردەڕەش‌و ئاکرێ ئەم حاڵەتانە دووبارە دەبنەوەو لانیکەم دوو حاڵەت روودەدەن، ئەم حاڵەتانە لەداگای شێخان مارەدەکرێن ئەوەش لەبەر ئەوەی دادگاکە سەر بەحکومەتی ناوەندی عێراقە .

 

ئەکرەم باشقاڵی، پارێزەرە لەشاری ئاکرێ، ئەو بەئاوێنەی وت "یاسا تەمەنی ١٨ ساڵی دیاریکردوە بۆ پێکئینانی پرۆسەی ھاوسەرگیری، ھاوسەرگیری لەخوار تەمەنی یاسایی رێگەپێدراو نیە، ئەمە لەکاتێکدایە لەپەرلەمانی کوردستان یاسایەکە ھەندێک ڕاستکردنەوەی بۆ کراوەو تەمەنی ١٦ ساڵیش بەیاسایی دانراوە، بەڵام بەکۆمەڵێک مەرج لەوانە باوکی ڕازی بێت لەگەڵ دادوەرو توێژەی کۆمەڵایەتی، ھەروەھا دەبێت کۆمەڵێک پشکنینی پزیشکی بکەن کە ئایا لەتوانایاندایە ھاوسەرگیری بکەن یاخۆد بە پێچەوانەوە، بەم چوار مەرجە دەبێت".

وتیشی "ئەوانەی ١١ ساڵ‌و ١٢ ساڵ تا ١٥ ساڵ لەدەرەوەی دادگا ھاوسەرگیری ئەنجامدەدەن، دوای چەند ساڵێک یاخود دوای لەدایکبوونی منداڵێک ئینجا لەدادگای شێخان کە سەر بەناوچە جێناکۆکەکانە مارە دەکرێن، لەدادگاکانی سەر بەعێراق سزاکەیان کەمە تەنیا ١٥٠ ھەزار دینارە، بەڵام لەیاسایەکەی ھەرێمی کوردستان سزاکەی لەملیونێک دینار تا ٥ ملیون دینارە لەگەڵ ماوەیەک زیندانی کردن، ھاوکات پەراوی لێکوڵینەوە لەدژی دایک‌و باوک‌و پیاوی ئایینی دەکرێتەوە، ئەوەش بەپێی ماددەی ١٠ بڕگەی ٥ لەیاسای باری کەسی لەھەرێمی کوردستان".

لەبارەی ژمارەو ئاماری ئەم جۆرە ھاوسەرگیرییە، باشقالی وتی "ساڵانە ئەم حاڵەتانە روودەدەن، بەڵام ھیچ ئامارێکی وردمان نییەو رێژەکە کەمە".

 

لەلای خۆشیەوە، شارەزا لەبواری کۆمەڵگە، شەھاب بۆتانی، دانیشتووی سەنتەری قەزای بەردەڕەش‌، هۆکاری بەشوودانی کچان لەتەمەنێکی کەمدا دەگەڕێنێتەوە بۆ چەند ھۆکار، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەم ھۆکارانەش تایبەت نین بەقەزای بەردەڕەش، وەک لاوازیی رۆشنبیری دایک‌و باوک، خراپ بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بەڵاڕێبردنیان لەلایەن ھاوریێ خراپەوە لەناوەندنەکانی خوێندن، کەوا دەکات فریووبدرێن‌و بکەونە هەڵەوە".

وتیشی "کەسی یەکەم کە زیانی گەورەی بەردەکەوێت، خودی منداڵەکەو ژنەکەیە، منداڵ دەبێت بەقوربانیی یەکەم و کۆتایی، سەرەنجامیشی جیابوونەوە بێت، ئەمەش ھەمووی بۆ ھەڵەی یەکەم دەگەڕێتەوە کە شووکردنە لەتەمەنێکی کەمدا".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×