تەرمی ئەو پیاوە كوردەی كە دوێنێ پێنجشەممە لە كەركوك رفێندرا، ئەمڕۆ هەینی لە گەڕەكی شۆراو دۆزرایەوە.
ئاوێنە: ئەو پیاوە كە ناوی "مام عەلی" و تەمەنی 57 ساڵ و شۆفێری تاكسی بوە، دوایین تەلەفۆنی لەگەڵ كەسوكارەكەی سەعات 12ی نیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە بوە، لەو كاتەوە دیار نەمابو.
تەرمی ناوبراو پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لەنێو بینای خانویەكی تەواونەكراودا لە گەڕەكی شۆراوی كەركوك دۆزرایەوەو سەرچاوەكان دەڵێن، شوێنەواری ئەشكەنجەدان بەسەر جەستەیەوە بوە.
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركوك رایگەیاند، دوای بەدواداچون تونرا بە سودوەرگرتن لە كامێراكانی چاودێری، ناسنامەی بكوژەكە و شوێنەكەی دیاری بكرێت و دەستگیربكرێت، هەروەها ئۆتۆمبێلە دزراوەكەش دەستی بەسەردا گیراوە.
سەرچاوەكەی پۆلیس وتوشیەتی، لێكۆڵینەوە بەردەوامن لەبارەی هۆكاری تاوانەكە و ئەوەی كە ئاخۆ كەسی دیكە بەشدارن لە تاوانەكەدا.