زاخۆ؛ كرێكارێك لە باڵەخانەیەكەوە كەوتەخوارەوەو گیانی لەدەستداو تەرمی كەسێكیش لە روبار دۆزرایەوە
  2025-05-02       115       

پۆلیسی زاخۆ، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، دو كرێكار لە كاتی كاركردن لە باڵەخانەیەكەوە كەوتونەتە خوارەوە، یەكێكیان گیانی لەدەستداوە. دەشڵێت، تەرمی هاوڵاتییەكیش لە روباری خابیر دۆزراوەتەوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ، لە راگەیەندراوێكدا وتی، نزیك سەعات 8ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، كرێكارێك بەناوی (ع. م. ح.) كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان و تەمەن 25 ساڵ بوە لە كاتی كاركردندا لەسەر ئەسكەلە لە نهۆمی چوارەمی باڵەخانەیەكەوە لە دریم سیتی كەوتۆتە خوارەوەو بەهۆی سەختی برینەكەیەوە لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی زاخۆ گیانی لەدەستداو كرێكارێكی دیكەش لەگەڵیدا كەوتۆتە خوارەوە كە بەسەختی بریندارە.

پۆلیس وتوشیەتی، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ روداوەكە كراوەتەوەو دەست بە لێكۆڵینەوە كراوە.

پۆلیسی زاخۆ لە راگەیەندراوێكی دیكە وتویەتی، هەر ئەمڕۆ نزیك سەعات 11ی پێشنیوەڕۆ، تەرمی هاوڵاتییەك لە روباری خابیر لە نزیك گەڕەكی سێمالكا دۆزراوەتەوە. تەرمەكە لەلایەن تیمەكانی بەرگری شارستانی لە روبارەكە دەرهێنراو رەوانەی پزیشكی داد لە زاخۆ كرا.

پۆلیسی زاخۆ هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئەو هاوڵاتییەی تەرمەكەی دۆزراوەتەوە ناوی (ر. ح. ع.) تەمەن 24 ساڵ بوە، ماوەی سێ رۆژ بو دیار نەمابو و دۆسیەی دیارنەمانی لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوان بۆ كرابوەوە گەڕان بەدواییدا بەردەوام بو.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لێكۆڵینەوە لە روداوەكە بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 408 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستی پێكردوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×