وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند: یەکەم حاڵەتی توشبون بە تای خوێنبەربون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا كە هاوڵاتییەكی شاری كۆیەیە.
ئاوێنە: دکتۆر سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ دوای دڵنیابونەوە و پشتڕاستکردنەوەی پشکنینەکان یەکەم حاڵەتی توشبون بە تای خوێنبەربون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا كە ئەویش هاوڵاتیەکی شاری کۆیەیەو تەمەنی 42 ساڵ و پیشەی گۆشتفرۆشییە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لە ئێستادا ئەو هاوڵاتییە لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت و دۆخی تەندروستی تا ئێستا جێگیرە.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وتوشیەتی، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین و جەخت دەکەینەوە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و لەکاتی هەبونی نیشانەکانی نەخۆشییەكە لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگاداربکەنەوە و هەروەها هاوڵاتیانی بەرکەوتوی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.