نیشتیمان ... مانگا ... کاهین
  2025-05-02       251       

هێمن عەبدولقادر

......................

نووسەری سوودانی (جەلال ئەلجاک) لە وتارێکدا بەناوی (نیشتیمان .. مانگا .. کاهین) دەڵێت :-

لەسەردەمی بت پەرستیدا، ئەگەر داواکارییەکت هەبووایە ، پیاوانی پەرستگا دەیانگووت (بتەکە داوای قوربانی دەکات) لەڕاستیدا بت قسەناکات ، ئەوەی نیازی بە گۆشتی مانگاکە بوو خودی پیاوانی پەرستگا بوون.

ئەگەر پیاوانی پەرستگا بیانگوتبا (خۆم پێویستیم بە مانگایەکە کەس نەیدەدا) کەواتە فێڵەکە ئەوەیە ، بتێک بدۆزەرەوە ، خەڵک بیپەرستن و پیرۆزی بکەن و بۆی بمرن بە شکۆمەندییەوە.

ئەگەر مانگاکەش پێشکەشی پەرستگا بکرایە ، هێشتا دەبوو پیاوانی پەرستگا پەسەندی ئەوە بکەن ئایا قوربانییەکە وەرگیراوە یاخود نا.

بەتێپەڕبوونی کات (نیشتیمان) کرا بەبت ، پیاوانی پەرستگا بوون بە سیاسییەکان ، قوربانیکردنیش هەر بەردەوام بوو ، کاتێک دەسەڵاتداران و سیاسییەکان بیانویستبایە شتێکیان دەستکەوێت داوای قوربانیان دەکرد لەمڕووەوە ئیتر چەمکی (خەزێنەی دەوڵەت ، سنووری دەوڵەت ، سەرۆک ، شکۆمەندی دەوڵەت، قوربانی دان ) بەشیوەی تر پەیدا بوون.

چۆن کەس بوێری ئەوەی نەبوو بپرسێت ئەم بتە چییە کە ئەم هەموو قوربانیەی پێشکەشدەکرێت ، هیچ کەس بوێری ئەوەی نەما بپرسێت ئەم نیشتیمانە چییە ؟ کە دەبێت ئەم هەموو قوربانییەی پێشکەش بکەین ؟ ئەی لەبەرامبەردا ئەو چیمان پێدەبەخشێت !!

ئەم بتە چییە کە تۆ داوا لەخەڵک بکەیت ئەوان برسی بن ، تا دەوڵەت شکۆمەند بێت !

تۆ ئەبێت بمریت ، تا ئەو بژی !!

پیاوانی پەرستگا دەیانگووت ئەم گۆشتی مانگایە بۆ ئێمە نییە بۆ شکۆمەندی و پیرۆزی خوداوەندەکانە ، هەروەکو چۆن سیاسیەکان فێر بوون کە ئەم قوربانی و چەوساندنەوەیە بۆ ئەوان نییە بەڵکو بۆ نیشتیمان و ئایندەی ڕۆڵەکانتانە.

...........................................

هێت*للەر پێش دووەم جەنگی جیهانی ، گوتبووی (دەبێت خودایەک بۆ ئەڵمانییەکان دروست بکەم لەسەر زەوی کە بیپەرستن ، ئەویش خاکی ئەڵمانیایە ) لەم پێناوەشدا ملیۆنان ئینسانی کردە قوربانی.

لە میصر خەڵک دەڵێن (نموت نموت وتحیا مصر) دەمرین ، دەمرین بابژی میصر ، بەڵام هیچ کەس ناپرسێت مرۆڤ چۆن بۆ شتێک دەمرێت ، کە خاوەنداریەتیەکەی هی پیاوانی پەرستگا و سیاسیەکانن ، ئەگەر خاکەکەش پیرۆز بێت ، هێشتا تۆ لە شوقەکەتدا کرێچی خاک و کاهینەکانی و دەبێت باج بدەیت.

...........................

دەڵێن ئەو ئازارەی مرۆڤ نەکوژێت بەهێزتری ئەکات ، بەڵام کەس ناپرسێت ئەگەری دەرچوون و زیندوو مانەوەت لەژێر ئازارەکەدا ڕێژەکەی چەندە و چۆنە ؟ ئەوان گرەو لەسەر بەهێزی تۆ دەکەن ،بەو مەرجەی (پانادۆڵ)ێکت بۆ نەکڕن.

بەهێزتر ئەبیت ! وەختێک بیست جووت پێڵاو بۆیاخ ئەکەیت و ناکاتە پارەی جوتێک پێڵاو بۆ مندالەکەت. بەهێزتر ئەبیت ! وەختێک بە قرچەی گەرما بایی دوو هەزار سەهۆڵ ئەکەیتە تەرمۆزەی ئوتومبیلەکەتەوە بۆ ئەوەی پارەی داخلییەک نەدەیت بە دوو دەبە ئاو و ئێوارە بیدەیت بە دوو عەلاگە سەوزە و بیبەیتەوە بۆماڵەوە!

مرۆڤ چۆن بەهێز ئەبێت ، یەکەم پیک کە ئەیوەشێنێت ، خەیاڵی لای یەکەم ڕۆژە لە کرێی خانووەکەی کە وەک مۆتەکە لە دەست و خەیاڵی ئاڵاوە ؟ مرۆڤ چۆن بەهێز دەبێت ، وەختێک کۆڵان بە کۆڵان بەدوای مقەبا و کارتۆندا بگەڕێ ، تا دوو سێیەک لە ئاواتەکانی بە مقەبای دڕوای ئەوانی تر بهێنێتە دی !!

فەرزادی کەمانگەر دەیگووت (مرۆڤ چۆن دەتوانێت لەسەر تەختە ڕەش بنووسێت زانست و نیشتیمان باشترە لە پارە ، لە کاتێکدا دەزانێت دەست قڵیشانی باوکی و کاری خراپی خوشکەکانی بەهۆی نەبوونییەوەیە)

ئازار مرۆڤ بەهێز ناکات ،بەڵکو ئەیکوژێت ، بەڵام بەکاوەخۆ و بەهێمنی ، ئەوەشی پێیدەدات هێز نییە ، بەڵکو سەرو ڕیشێکی سپی و چاوێکی پڕ لە حەسرەت و پشتێکی چەماوە و سندوقێک و دەپانزە جووت پێڵاو بۆ بۆیاخ کردن .

ئەوانەشی ڕێیان نەکەوتە بۆیاخ کردن ، حەتمەن ڕۆژانە دەیانبین کە بەناچاری کەوتوونەتە پێڵاو جووت کردن.

کورد ئەڵێ (ئەوەی منارە بدزێت کفنیشی بۆ بەدورین ئەدات) ئەوەی نیشتیمان بدزێت ، بتی گەورەشی بۆ بە دورین ئەدات.

حەمدی گووتەنی :-

(مالیکی ئیقلمی حوسنی ئەی سەنەم دەرکە ڕەقیب

هەر ئەشێوێ میللەتێ، گەر گوێ لە بەدگۆ بکا ، ملوک)

نوقتە سەری دێڕ .....

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×