كارەبای سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی نزمبونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان و كەمی ڕێژەی باران بارین لەمساڵدا، چەند ڕۆژێكە بەرهەمهێنانی كارەبا لە بەنداوی دوكان ڕاگیراوە.
ئاوێنە: سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كارەبای سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە، بە میدیای یەكێتی وت، بەهۆی كەمبونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان و كەمی ئەو ئاوەی ئەمساڵ لە بەنداوەكە گلدراوەتەوە، ماوەی چەند ڕۆژێكە بەرهەمهێنانی كارەبا لە بەنداوی دوكان ڕاگیراوە و هیچ بڕە كارەبایەك لە بەنداوەكە بەرهەم نایەت و تەنیا پشت بە وێستگە غازییەكان دەبەستین بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە باشترین حاڵەتی پڕبون و زۆربونی ئاوی بەنداوی دوكان ئەگەر وێستگەكانی ناو بەنداوەكە كاریان پێبكرێت ئەوا دەتواندرێت بڕی 400 مێگاوات كارەبا بەرهەم بهێندرێت، بەڵام لە ئێستادا ئەو ڕێژەیە سفرە چونكە وێستگەكان كاریان پێناكرێت.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كارەبای سلێمانی ئەوەشی خستەڕو، ئەو ئاوەی ئێستا گلدراوەتەوە تەنیا بەشی خواردنەوە دەكات و ناتوانرێت كارەبای لێ بەرهەم بهێنرێت، هاوكات ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی كارەبا بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەكان بوە، چونكە ئەوان پلان و بەرنامەی تایبەت بەخۆیان هەیە و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە لە پێشینەی هەمو كارەكانەوەیە.