سەعدی پیرە، وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتودا وەفدی یەكێتی و پارتی بۆ گفتوگۆ لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەت كۆدەبنەوە.
ئاوێنە: سەعدی پیرە، ئەمڕۆ شەممە، لە وتەیەكدا لە مەڵبەندی هەولێری حزبەكەی وتی، گفتوگۆكانی نێوان پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت بەردەوامن. ئێمە دەزانین لە بارودۆخێكی وەكو ئێستادا كە ئەو هەمو گۆڕانكارییانە بەڕێوەن، بونی حكومەتێكی كارا و پەرلەمانێكی چالاك لە هەرێمی كوردستان، زۆر گرنگە لەپێناو داكۆكیكردن لە داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان لە هەرێمی كوردستان و پشتگیركردن لە مافی رەوای خەڵكی كوردستان لە پارچەكانی تر كە گۆڕانكاری گەورە بەڕێوەیە."
جەختیشی كردەوە، "بونی حكومەت و پەرلەمان لە هەرێمی كوردستان لەزوترین كاتدا، زۆر خزمەتی ئەم گۆڕانكارییانە دەكات و خزمەتی پرسی كورد دەكات لە پارچەكانی تری كوردستان."
سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەشدا، لە چەند رۆژی داهاتودا وەفدی یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوەو باسی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتی داهاتو دەكەن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، وتەبێژی یەكێتی وتی، ئێمە پێویستە بەشێك لە گفتوگۆكانمان لەگەڵ پارتی لەسەر ئەوە بێت كە سیاسەتێكی هاوبەش و یەكگرتومان بەرامبەر بە پارچەكانی دیكەی كوردستان هەبێت.