رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارى تورکیا بە بۆنەى کۆچى دوایى سرى سورەیا ئۆندەر پەیامێکى هاوخەمى بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، رەنجى زۆرى بۆ تورکیایەکى بێ تیرۆر کێشا.
ئاوێنە: ئەردۆغان لە پەیامى هاوخەمییەکەى کە لە تۆڕى ئێکس بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتى، زۆر دڵگران بووم بە کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر جێگری سەرۆکی پەرلەمانى تورکیا، خودا رەحمى پێبکات و پرسە و سەرەخۆشى ئاراستەى بنەماڵە و ئازیزانى لە دەم پارتى و پەرلەمانى تورکیا دەکەم.
ئەردۆغان دەڵێت، دوایین جار کە چاوى بە سرى سورەیا ئۆندەر کەوتووە، لە کۆشکى سەرۆککۆمار بووە و لە گفتوگۆکانیاندا بیروڕاى بەرهەمداریان ئاڵوگۆڕ کردووە.
هەروەها نووسیویەتى، باوەڕم وایە دەگەینە ئامانجی "تورکیایەکى بێ تیرۆر" کە سری سورەیا ئۆندەر لەم دواییانەدا کارى بۆى کردووە.