ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی: ئامادەین لەگەڵ یەکێتی بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردن بکەین
  2025-05-04       261       

ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێکردووە، ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتیش دەڵێت، "لەگەڵ یەکێتی گفتوگۆ لەسەر بابەتی یەک لیستی دەکەین".

ئاوێنە: ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی 11-11-2025ی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیاری کردووە، ئێستا لایەنە سیاسییەکان دەستیان بە ئامادەکاری بۆ پرۆسەکە کردووە.

 ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە كەناڵ ئاڤای ڕاگەیاند: کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی کرا و فەرمان کرا، کە مەکتەبی هەڵبژاردن لەگەڵ مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی کۆببینەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی بابەتی یەک لیستی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەین.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەشڵێت، بڕیاردراوە دوور لە چاوی ڕاگەیاندن گفتوگۆکان بەڕێوەبچێت، ئەگەر شتێک گەڵاڵە کرا، دواتر بۆ میدیا ئاشکرا بکرێت، بەڵام ئێمە چ بۆ یەک لیستی لە سەرانسەری کوردستان، چ بۆ یەک لیستی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئامادەین، سەرنجیشمان زیاتر لەسەر ناوچە کوردستانییەکان دەبێت.

ڕۆژی 4-5-2025، دوایین ڕۆژی تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان و کاندیدانی سەربەخۆیە لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای کۆمیسیاران کۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات کە ماوەی تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتیەکان درێژ دەکاتەوە یان نا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×