لە سبەینێوە هەوایەكی فێنك رو لە هەرێم دەكات و كۆتایی بە خۆڵبارینیش دێت
  2025-05-04       252       

شارەزایەكی بواری كەشناسی رایگەیاند، لە سبەی دوشەممەوە كاریگەری بارستە هەوایەكی فێنكی دەریای ناوەڕاست هەرێمی كوردستان دەگرێتەوەو پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزن و لە ئێوارەی سبەینێشەوە كۆتایی بە شەپۆلی خۆڵبارین دێت و لەگەڵ چالاکبونەوەی ھەورە بروسکە و تاوە بارانی جیاجیا لەھەندێ ناوچەدا.

ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی، ئەمشەو یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، سبەی دوشەممە، کاریگەری بارستە ھەوای فێنکی دەریای ناوەراست داخڵی ناوچەکانمان ئەبێت، سەرەتاش لە رۆژئاوای ھەرێمەوە داخڵ ئەبێت و بەگشتی بەھۆیەوە بای رۆژئاواو و باکوری رۆژئاوا چالاک ئەبێت لە زۆربەی کاتەکان بەخێرایی 20 تا 40 کم/ک دەبێت و کاتەکانی ئێوارە کەمدەبێتەوە و خۆڵبارینەکەش لەسەر ناوچەکانمان لەکاتەکانی سبەی ئێوارەو شەودا کەمدەبێتەوە و کۆتایی دێت، لەگەڵ چالاکبونەوەی ھەورە بروسکە و تاوە بارانی جیاجیا لەھەندێ ناوچەدا بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ھەولێر و دھۆک و ئیدارەی سۆران.

ئەوەشی خستۆتەڕو، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ، سبەی دوشەممە، 1 تا 2 پلە نزمدەبنەوە و بۆ رۆژی سێشەممەش کاریگەری ئەو بارستە ھەوا فێنکە زیاتر ئەبێت و پلەکانی گەرما بەڕاورد بە سبەی 4 تا 6 پلەی دیکە لەسەرجەم ناوچەکان نزمدەبنەوە کەش لەرۆژدا فێنک و لەکاتەکانی شەویشدا بەتایبەت لەناوچە شاخاوییەکان ساردەبێت و کاریگەری ئەو بارستە ھەوا شێدار و گەرمانەی لەباشورەوە ماوەیەکی زۆرە کاریگەریەکانی بەردەوامی ھەیە بەھۆی ئەم بارستە ھەوایەوە لەسەر ناوچەکانمان دوردەکەوێتەوە و لە ئێوارەی رۆژێ سێشەممەوە کەش و ھەوا بەتەواوی سەقامگیر ئەبێت و بارانبارین و ھەورە بروسکە کۆتایی دێت.

ئەوەشی وتوە، لە رۆژی چوارشەممەوە 7/5/2025 کاریگەری بارستە ھەوا فێنکەکەش لەناوچەکانمان تێپەردەبێت و پلەکانی گەرما بەرزبونەوە بەخۆیانەوە ئەبیننەوەو پلە بەپلە تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە و سەرەتای ھەفتەی داھاتوش رۆژی شەممە 10/5/2025 جارێکی دیکە بارستە ھەوایەکی گەرم لەباکوری ئەفریقاوە رودەکاتەوە ناوچەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزئەبنەوە و کەشێکی ھاوینەیی دەستپێدەکات بەجۆرێ لەسەنتەری پارێزگاکانی ھەرێم سلێمانی و ھەولێر و دھۆک و ھەڵەبجە بەرزترین پلەی گەرمی لەرۆژدا لەنێوان 33 بۆ 36 پلەی سەدی دەبێت و لەناوچەکانی پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیانیش لەنێوان 38 بۆ 40 پلەی سەدی لەناوچەکانی ناوەراست و رۆژئاواو و باشوری عێراق بۆ نێوان 40 تا 42 پلە.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەنزیکەیی ئەم کەش و ھەوا گەرم و ھاوینەییە تا 13ی مانگ بەردەوامی ئەبێت، لە 13 و 14 ئەم مانگەوە پێشبینی دەکرێت جارێکی دیکە نزمەپاڵەپەستۆ جەمسەرییەکانی باکور روبکەنەوە ناوچەکانی تورکیا و دەریای ناوەراست و ھەرێمی کوردستان و ببێتەوە ھۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و دەستپێکردنەوی شەپۆلی خۆڵبارین لەگەڵیداو حاڵەتی ناجێگیری کەش دروستببێتەوە و لەھەندێ ناوچە و  شوێندا باران ببارێت لەگەل چالاکبونی ھەورە بروسکە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×