وتەبێژی وەزارەتی كارەبا: نرخی كارەبای 24 سەعاتی كەم دەكرێتەوە
  2025-05-04       1158       

وتەبێژی وەزارەتی كارەبا رایگەیاند، نرخی ئێستای كارەبای 24 سەعاتی ئەزمونییەو كەم دەكرێتەوە.

ئاوێنە: ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا، ئەمرۆ یەكشەممە، بە كەی ئێن ئێن-ی راگەیاند، لەدوای راگەیاندنی پڕۆژەی روناكی، لە ئێستادا زیاتر لە (50) گەڕەك، كە بە نزیكەیی (600) هەزار هاوڵاتی لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی لە دابین كردنی كارەبای (24) كاتژمێری سودمەندبون.

لەسەر نرخی كارەبای پڕۆژەی روناكی، وتەبێژەكەی وەزارەتی كارەبا ئاشكرایكرد، بۆ دیاریكردنی نرخی كارەبا لە پڕۆژەكە چەندین توێژینەوەیان ئەنجام داوە و ئەو نرخەی كە ئێستا دیاریكراوە، نرخێكی ئەزمونییە، هەركاتێك نرخی جێگیرییان بۆ دەركەوت بۆ هاوڵاتیانی بڵاودەكەنەوە.

جەختیكردەوە؛ نرخی ئێستای كارەبا جێگیر نییە، كەم دەكرێتەوە، لەبەر ئەوەی وەزارەتی كارەبا ویستویەتی تێچوی كارەبا وەربگرێتەوە، ئەگەر تێچوەكەی وەرنەگرنەوە ناتوانین كارەبای (24) كاتژمێری دابین بكەن.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی كە هەرماڵێك لە مانكێكدا چەند كارەبا بەكاردەهێنێت ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەپێی لێكدانەوەكان مانگانە هەر ماڵێك بە نزیكەی (700 بۆ 1000) كیلۆوات تەزوی كارەبا بەبەردەوامی بەكاردەهێنن.

سەبارەت بە پاڵپشتی كردنی حكومەت بۆ هاوڵاتیان رایگەیاند: حكومەت پاڵپشتی نرخی كارەبا بۆ چینی هەژاران دەكات، ئەوە لەسەر بنەمای بەكارهێنانی بڕی كارەبا دیاری دەكرێت، چونكە ئەو ماڵانەی تەزوی كارەبا زۆر بەكاردەهێنن دۆخی داراییان باشە حكومەت پاڵپشتی نرخەكەیان ناكات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×