بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ئاشکرایکرد، بەهۆی کەمبارانییەوە مەترسی لەسەر سەرچاوەکانی ئاو هەیە و ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر ئاوی سەرچنار کە سەرچاوەیەکى گرنگى ئاوى خواردنەوەى شارەکەیە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە، ٥ی ئایاری ٢٠٢٥، بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بەکەناڵ8ـى راگەیاند: لە سلێمانی رۆژانە پێویستیان بە ٤٥٠ بۆ ٤٨٠ هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە، لەکاتێکدا لەباشترین حاڵەتیدا سەرچاوەى ئاوى سەرچنار بە تەواوی توانای خۆیەوە لە ٢٤ کاتژمێردا ٣٠٠ بۆ ٣٢٠ هەزار مەترسێجا ئاو دەدات.
ئاماژەی بەوەشداوە، ساڵی رابردوو ئەمکاتانە رۆژانە لە سەرچنارەوە توانراوە ١٨٠ هەزار مەترسێجا ئاوى خواردنەوە بەرهەمبهێنن، بەڵام ئەمساڵ بۆ ٩٠ هەزار مەترسێجا کەمبووەتەوە، بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرهەمهێنانی ئاو لە سەرچنار ٥٠٪ دابەزیووە.
بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی، داواى لە هاونیشتمانییان کرد بەرنامە بۆ بەکارهێنانی ئاو دابنێن و گوتیشى، "ئەگەر بەمشێوازەی ئێستا ئاو دابەزێت، ئەوا چوار رۆژ جارێک ئاو دابەشدەکرێت".
هاوکات، هۆشداری بە هاونیشتمانییان لە سزای دارایی لەسەر شۆردنی بەردەرگا و گەڕەک و ئۆتۆمبێل و ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانیان بە بەردەوامی بە کۆڵانەکاندا دەگەڕێن و سەرپێچییەکان تۆماردەکەن.