2025-05-05   147     
مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێکی ئەنجوومەنی نوێبەرانی عێراق کرد کە لە ئەندامانی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی پێکهاتبوو .
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی فیدراڵ کرا. بە تایبەتی لە بوارەکانی پشتگیریکردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی لە بەرژەوەندیی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراقدان."
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، "جەخت لە پێویستیی ئازادیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جوڵەی کاڵاکان لە نێوان هەموو ناوچەکانی عێراقدا و نەهێشتنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک لەوبارەیەوە کرایەوە."
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی پڕۆژە ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرا و جەخت لە بەشداریی و سوودمەندبوونی هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق لەو پڕۆژە گرنگەدا کرایەوە.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە "پێویستە ڕێز لە سیستەمی فیدراڵی و دەستووری عێراق بگیرێت کە ماف و ئەرکەکانی هەر لایەکی دەستنیشان کردووە."
سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بەوە دا "عێراق لە ڕووی ماددی و مرۆییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلیتیکی گرنگیشە و تەنیا پێویستیی بە حووکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانە هەیە کە ڕێز لە مافەکانی هەموو ناوچە و گشت پێکهاتەکانی عێراق بگرێت."