محەمەد ئەمین، ئەو جوتیارە كوردەی گوندی شەناغە كە لەلایەن سەربازێكی عێراقییەوە پەلاما دراو و ملپێچەکەی ملی راکێشرا، ئەمڕۆ دوشەممە، بەكەفالەت ئازادكرا. ئەو دەڵێت، لەسەر بنەمای راپۆرتێك دادگایی دەكرێم كە دو ئەفسەری یەكێتی و پارتی ئیمزایان لەسەر كردوە.
ئاوێنە: محەمەد ئەمین، ئەو جوتیارە كوردەی كە لە شوباتی ئەمساڵ لەلایەن سەربازێکی عیراقییەوە لە گوندی شەناغە لە کەرکوک پەلاماردرا و ملپێچەکەی ملی راکێشرا، لەلایەن ئەو سەربازەو وەزارەتی بەرگریی عێراقیشەوە داوای یاسایی لەسەر تۆمارکراوە.
محەمەد ئەمین ئەمڕۆ دوشەممە بە کەفالەت ئازاد کرا.
بەپێی پێگەی كەركوك ناو، محەمەد ئەمین ئەمڕۆ دوشەممە، دوای ئازادكردنی وتویەتی، "لەسەر بنەمای راپۆرتێک دادگایی دەکرێم کە دو ئەفسەری یەکێتی و پارتی واژۆیان کردوە".
لە كاتەكانی پێشوی ئەمڕۆدا بەشدار حەسەن، پارێزەری جوتیارە کوردەکە، رایگەیاند "وەزارەتی بەرگریی عێراق بە فەرمی سکاڵای دژی محەمەد ئەمین تۆمار کردوە، گوایە بەردیان گرتوەتە سەربازان و سوکایەتییان بە سوپا کردوە".
ئاماژەی بەوەشدا، "ئەوەی دەوترێت هیچ بنەمایەکی راستی و یاسایی نییە و بە گوێرەی ماددەی 229 لە یاسای سزادانی عێراقی لە دادگای لێکۆڵینەوەی دوبز و بنکەی پۆلیسی سەرگەڕان وتەی لێ وەرگیراوە و چاوەڕێی بڕیاری دادوەرن، بۆ ئەوەی "بزانن ئازادی دەکات یان دەستبەسەر."