هەڵمەتی دەستگیرکردن و سزادانی هاوڵاتییانی کورد لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بەردەوامی هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا، دوو هاوڵاتیی خەڵکی بۆکان دەستگیر کران، هەروەها، دوو مامۆستایی ئاینی سەردەشت سزای زیندانیی کردنیان بەسەردا سەپێندرا.
ئاوێنە: ڕێکخراوی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە دەستگیرکردن و سزادانی هاوڵاتییانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕو، دوو هاوڵاتیی کورد بە ناوەکانی مووسا یادیار و هەمزە یادیار، کە برای یەکن و خەڵکی گوندی گۆکتەپەی سەر بە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کران و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترانەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دوو هاوڵاتییە کوردە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کران و هۆکارەکەشی بۆ پۆشینی جلوبەرگی خاکی و جامانە لە ئاهەنگێکی زەماوەند دەگەڕێتەوە.
دەشڵێن، دوو مامۆستای ئاینی کورد بە ناوەکانی سەلام مەحموودیان پێشنوێژی مزگەوتی گوندی بێورانی خواروو و حەسەن خزری پێشنوێژی مزگەوتی گوندی بێورانی سەرووی سەر بە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکان لە ورمێ هەر یەکێکیان بە دوو ساڵ زیندانی و بە پێبژاردنی ٢٠ ملیۆن تمەن سزا دران.
جێگای ئاماژەیە، لە مانگی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١١ هاوڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بانگهێشت کراون و بەشێکیان دەستگیر کراون، هەروەه ماوەیەکە لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە هەڵمەتی دەستگیرکردن و سەپاندنی سزای قورس بە سەر مامۆستایانی ئاینی کورد دەستی پێکردووە.