چەند کاتژمێر کار دەکەیت بۆ بەدەستهێنانی ژەمە خواردنێک؟
  2025-06-22       522       
بیر لەوە بکەنەوە کە کرێ‌و مووچەی رۆژێک کارکردنتان بەشی چی دەکات؟!

ئا: محەمەد هاوژین

 

زۆربەی هاوڵاتیانی کوردستان هەست دەکەن ساڵ بەساڵ داهاتیان کەم دەکاو دابینکردنی بژێویی ژیانیان قورستر دەبێت، ئابوریناسێک دەڵێت "زۆرێک لەهاوڵاتیان بۆ کڕینی ژەمێک خواردنیان دەبێت چەند کاتژمێرێک کار بکەن".

 

گەرمیان، گەنجێکی تەمەن ٣٢ ساڵەو لەگەڵ چەند کرێکارێکی هاوتەمەنیدا لەبەر خۆرەتاوی بەتینی نیوەڕۆدا خەریکی بلۆک‌ هەڵگرتن‌و دروستکردنی دیواری خانووەیەکن، ئارەق بەشان‌و ملیدا دێتە خواری‌‌و گەرما بەجارێ تاوی بۆ هێناوە، بەڵام بەقسەی خۆی هێشتا "سوپاسی خوا دەکات بەس نییە ئەمڕۆ ئیشی دەستکەوتووە"، چونکە دەزانێت زۆرێک لەهاوڕێکانی تا دەمەو ئێوارە لەچەند شوێنێکی ناو شاری سلێمانی لەچاوەڕوانی کاردان‌و ئیشیان دەستناکەوێ‌و رۆژانە بەنائومێدی‌و دەستبەتاڵی  دەگەڕێنەوە ماڵێ، ئەو وتی "لەکاتژمێر هەشتی بەیانییەوە دێم تا ٤ی ئێوارە کار دەکەم بە ٢٥ هەزار دینار، هەرباشە، هەرچەندە بەشی دوو ژەمە خواردنی باشی خێزانێکی چوار کەسی ناکات".

ئەو باس لەوە دەکات کە ماڵیان لەدەرەوەی شارەو هەموو رۆژێک دەبێت پارەی هاتن‌و گەڕانەوە بدا‌و نیوەڕوانیش پارووییەک یان شلەو برنجێکی سادە یان کەبابێک بەسێ چوار نانەوە بخوات، بۆ ئەوەی بەشێکی پارەکە بمێنێتەوەو بۆ هاوسەرو دوو منداڵەکەی خەرج بکات، گەرمیان وتی "بەم رۆژگارە لەهاویندا بە بەر خۆرەتاوو لەزستانیشدا لەبەر ساردو سەرمادا هەڵدەسورێم بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی خۆم‌و خێزانەکەم دابین بکەم".

 

گەرمیان، یەکێکە لەهەزاران هاوڵاتی هەرێمی کوردستان کە رۆژانە کاتێکی زۆر کار دەکەن بۆ ئەوەی ژەمە خواردنێک بۆ خۆیان‌و خێزانەکانیان دابین بکەن.

 

هەڤاڵ، گەنجێکی تەمەن ٣٦ ساڵەو شۆفێری تەکسییەو کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆیەو خەریکی مامەڵە کردنە بۆ ئەوەی نەفەرێک بگەیەنێت‌، داوای ٤ هەزار دەکات، بەڵام دواتر بە ٣ هەزار رازی دەبێت بۆ ئەوەی بیگەیەنێت، ئەو بەئاوێنەی وت "لەکاتژمێر ٧ی بەیانییەوە هاتومەتە دەرەوە، ئەمە دووەم داخلییە دەیکەم، لەبەیانییەوە ٥ کاتژمێرە دەسوڕێمەوە شەش هەزارم دەستکەوتووە، بەشی چی دەکات‌و بیدەم بەچی؟ هەر بەشی نان‌و تەماتەو بەنزینەکە دەکات!".

وتیشی "ژیان زۆر ناخۆش بووە، هەر مناڵی بەرپرسێک دەبینی باسی ٧٠ دەفتەرو ١٠٠ دەفتەر دەکات، ئێمەش دەبێت لەهەموو ژیانماندا کاتێکی زۆر کار بکەین بۆ ئەوەی بژێویی ژیانمان دابین بکەین".

 

بەشێکی زۆر لەکارمەندو کرێکارو کاسبکاران لەهەرێمی کوردستاندا ناڕەزایی دەردەبڕن بەرامبەر بەوەی کاتێکی زۆر کار دەکەن لەبەرامبەر بڕە پارەو مووچەیەکی زۆر کەمدا کە بەشی ژیانێکی شایستە بەمرۆڤ ناکات.

 

ئارام عەبدولقادر، ئابوریناس‌ باس لەوە دەکات کە هەموو هاوڵاتیان کار دەکەن بۆ هێنانی نان بۆ ماڵەوە، کەواتە کەمترین بڕە پارە کە دەستت بکەوێت دەبێت چەند بێت بۆ ئەوەی بتوانیت شاورمەیەک یان شلەو برنجێک لەگەڵ ساردییەک بخۆیتەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەگەر کرێکارێک یان کارمەندێک ٨ کاتژمێر بە ٢٥ هەزار دینار کار بکات، واتە هەر کاتژمێرێک بە ٣ هەزار دینار کار دەکاو تەنها بەشی شلەو برنجێکی سادە دەکات‌، کە بەباشی تێری پێناخوات، ئەگەر پیتزایەکی باش بۆ مناڵەکەی بکڕێت دەبێ دوو کاتژمێرو نیو کار بکات، چونکە لانیکەم بە ٧ هەزار دینارە، نەفەرێ کەباب لەکەبابخانەیەکی گونجاو بە ٢٠ هەزار دینارە کە دەبێت بەلانیکەمەوە زیاتر لە٦ کاتژمێر کار بکات، بۆ گەنجێک کە کاری سیکورێتی دەکات مانگانە بە ٤٠٠ بۆ ٤٥٠ هەزار دینارو لەبەرامبەر هەر ٨ کاتژمێر کارکردندا ١٥ هەزار دینار وەردەگرێت، دەبێت ٨ کاتژمێری تەواو کار بکات".

ئەم ئابوریناسە کە هەلگری بڕوانامەی ماستەرە ئاماژە بەوە دەکات کە گەندەڵی‌و قۆرغکاریی‌و نادادپەروەری‌و نایەکسانی لەهەرێمی کوردستاندا دۆخێکی نەخوازراوی دروست کردووە، ئەو وتی "بەشێکی زۆر کەم بەهۆی گەندەڵی‌و قۆرغکارییەوە لەهەر کاتژمێرێکدا بەبێ ئەوەی ماندوو بن بڕە پارەیەکی زۆرو تەنانەت خەیاڵییان دەستدەکەوێت، لەبەرامبەریشدا زۆربەی خەڵک چەند کاتژمێرێک دەبێت کار بکەن بۆ ئەوەی بەشی ژەمەخواردنێکیان بکات".

وتیشی "هاوڵاتیان مافی خۆیانە بیر لەوە بکەنەوە کە کرێ‌و مووچەی رۆژێک کارکردنیان بەشی چی دەکات؟! یاخود چ ژەمە خواردنێک بۆ خێزانێک دابین دەکات؟ بیر لەوە بکەنەوە چەند کاتژمێر دەبێت کار بکەن بۆ کڕینی شاورمەیەکی گونجاوو خواردنەوەی ساردییەک؟ ئەمە پێوەرێکە کە ئێستا لەزۆربەی وڵاتانی جیهاندا لەبواری ئابوریدا رەچاو دەکرێت، بەداخەوە بۆ نمونە کەمترین مووچەی کاتژمێرێک کارکردن لەئەڵمانیا چەندان ئەوەندەی کرێ‌و مووچەی کاتژمێرێک کارکردنی کرێکارێک یان کارمەندێکە لەکوردستان؟! لەجیهانی ئەمڕۆدا کاتێک شتێک دەکڕیت واتە بەو کاتە دەیکڕیت کە لەژیانی رۆژانەتدا بۆ بەدەستهێنانی پارە بەسەرتبردووە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×