دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، دەستبەسەرداگرتنی 131 مامەڵەی ساختە و ڕاگرتنی بەهەدەردانی نزیکەی دو ملیار و نیو دیناری لە پارێزگای ئەنبار ڕاگەیاند و دەڵێت، "بەڕێوەبەری پێشوی قەرەبوکردنەوەی قەزای قائیم-یان لە ئەنبار بەهۆیەوە دەستگیركردوە".
ئاوێنە: دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، فەرمانی دەستگیرکردنی دادوەرییان لە دژی بەڕێوەبەری پێشوی قەرەبوکردنەوەی قەزای قائیم جێبەجێکردوە، بەهۆی تێوەگلانی لە ساختەکردنی مامەڵەی قەرەبوکردنەوەی هاوڵاتیان، بەتایبەتی بۆ یەکەکانی نیشتەجێبون.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستبەسەر 131 مامەڵەی ساختەدا گیراوە، هەروەها بەهەدەردانی دو ملیار و 450 ملیۆن دیناری عێراقی ڕاگیراوە. لەگەڵ ئەوەشدا تۆمەتبار دانی بە هەوڵەکانیدا ناوە بۆ تەواوکردنی ئەو مامەڵانە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوكە، لە بەڕێوەبەرایەتی تۆماری خانوبەرەی ئەنبار، کارمەندێکی بەشی پشکنینی بەڕێوەبەرایەتییەکە لەکاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیركراوە كە داوای بڕە پارەیەکی لە کڕیارێک کردوە لە بەرامبەر ئەنجامدانی پشکنین بۆ موڵکێک، بە پێچەوانەی ئەو پارەیەی کە بە پسوڵەی فەرمی دراوە.
ئەوەشیخستەڕو، دو ڕاپۆرتی فەرمی دەستبەسەرداگرتن ئامادەکراون بۆ ئەو دو ئۆپەراسیۆنەی کە ئەنجامدراون و لەگەڵ تۆمەتباران و شتە دەستبەسەرداگیراوەکان، پێشکەش بە دادوەری لێکۆڵەرەوە کراوە، کە بڕیاریدا بە دەستبەسەرکردنیان تاوەکو لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.