ئا: کاوە ڕەش
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی (دەیلی ئێکس پرێس)ی بەریتانی، کونسوڵی بەریتانیا لەهەرێمی کوردستان سەردانی لاهورو پۆلادی کردووە لەو زیندانەی تیا دەستەبەسەر کراون لەسلێمانیو بنەماڵەکەی شێخ جەنگیش داوایان لەحکومەتو وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا کردووە کە "کار بۆ ئازادکردنی لاهورو پۆلاد بکەن، لەبەرئەوەی هاوڵاتی بەریتانیینو لەسلێمانی دەسبەسەرکراون".
ڕۆژنامەکە، ئاماژەی بەڕاپۆرتێکی تایبەتداوەو نوسیەتی "دوو برای بەریتانی - کورد، کە لەشاری لەندەن گەورە بوون، دواتر ھاوشانی بەریتانیا لەشەڕی دژ بەداعش جەنگاون، ئێستا لەلایەن ئامۆزاکەیانەوە، لەباکوری عێراق زیندانی کراون".
پارتی دەسەڵاتداری بەریتانیا، ھۆشداری دەدات لەھاتنی شەپۆلێکی بەرفروانی کۆچبەری نایاسایی لەباکوری عێڕاقەوە، بەھۆی کێشە خێزانیەکانی نێوان ئامۆزاکانی تاڵەبانی لەشاری سلێمانی.
پارتی کرێکاران، ھۆشداری داوە، کە دەبێت بەزوترین کاتو لەئێستاوە، ھەنگاوی پێویست بنرێت بۆ وەستاندنی شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەرانی نوێ کە لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی ھەرێمی باکوری عێراقەوە، بەھۆی کێشەی خێزانییەوە، بەلێشاو ڕوو لەبەریتانیا دەکەن، ئەمەش دوای نائارامییەکانی مانگی ئاب دێت، کە دوو برای بەریتانی-کورد، دەستگیردەکرێنو زیندانی کراون، لەکاتێکدا ڕۆڵی سەرەکییان لەشکستپێھێنانی داعشدا ھەبووە.
دەیلی ئێکس پرێس نوسیەتی "لاھورو پۆڵاد تاڵەبانی، کە لە(بێکنھام)و لەباشووری ڕۆژھەڵاتی لەندەن گەورە بوون، لەسەردەمی بەعسدا دوای ئەوەی خێزانەکانیان لەبەر گوشاری سەر کوردەکان لەژێر دەسەڵاتی سەدام حوسێن، لەعێراقەوە ئاوارە دەبن بۆ بەریتانیا، دواترو دوای گەڕانەوەیان بۆ عێراق بۆ شەڕکردن دژ بەگروپە توندڕەوەکان، لەڕیزەکانی دژە تیرۆری کورد دژ بەدەوڵەتی ئیسلامی داعش، دەجەنگنو دەبنە پاڵەوانی جەنگ".
بەپێی ڕاپۆرتەکە، پۆڵادی تەمەن ٤٦ ساڵ، سەرۆکایەتی یەکەی دژەتیرۆری کردوەو لاھوری تەمەن ٤٩ ساڵیش بۆتە سەرۆکی دەزگای زانیاری. کە دەزگایەکی ھەواڵگرییە.
ڕۆژنامەکە ئاماژی بەوە داوە "ئێستا کارەسات ڕوویداوە، دوای ئەوەی ئەو دوو برایە کە لەسیاسەتی ھەرێمی کوردستاندا، چالاک بوون، ڕۆژی ٢٢ی ئاب لەناوچەی سلێمانیو لەباکووری ڕۆژھەڵاتی عێراق، دوای شەڕێکی چەند کاتژمێری دەستگیر کراون.
ئەوەشی ”شۆکھێنەرە” ئەو کەسەی دوو برا تاڵەبانییەکانی زیندانی کردووە، بافڵ تاڵەبانی ئامۆزایانە، کە ئەویش پێشتر لە لەندەن بووەو کاری (باونسەر)ی کردووە، بەڵام ئێستا سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.
بافڵ، کەھاوکات لە بێکنھام گەورە بووە، بانگەشەی ئەوە دەکات، لاھور ھەوڵی کوشتنی داوەو پلانی تیرۆرکردنی قوبادی برای ھەبووە. ھەروەھا نووسینگەکەی لاھوری بەئەنجامدانی "کودەتای سەربازی نایاسایی" تۆمەتبار کردووە.
بافڵ تاڵەبانی، ھەفتەی ڕابردوو لەبۆنەیەکدا لەعێراق قسەی کردو ڕایگەیاند "بەڵگەی زۆری لەدژی ئامۆزاکانی لایەو بەوتەی خۆی ناتوانرێت ساختەکاری تێدا بکرێت".
کەسوکاری لاھورو پۆلاد، بەڕۆژمامەی دەیلی ئێکسپرێسیان ڕاگەیاندووە، برا زیندانیکراوەکان لەپشت ھیچ پیلانێکی لەو شێوەیە نەبوون کە وەک تۆمەت بۆیان ھەڵبەستوون.
ھەربەگوتەی کەسوکاریان، ئێستا ھەردوو براکە، بۆ ماوەی ٢٣ کاتژمێر لەژوورێکی دوو مەتر بەدوو مەتردا، زیندانی کراون، کە ھیچ پەنجەرەیەکیان نییە. تا ئێستاش ھیچ وادەیەک بۆ دۆسیەی دادگایی کردنیان دیاری نەکراوە.
ھیوا تاڵەبانی، برا گەورەکەیان، کە تەمەنی ٥٩ ساڵە ڕایگەیاندووە "خێزانەکەیان زۆر بێ ھیوا بوون لەوەڵامی حکومەتی بەریتانیاو وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، لەیارمەتیدانو ئازادکردنی براکانیان".
ئەو دەڵێت "براکانم لەگەڵ باقی ئەو خەڵکەی کە ئێستا لەزیندانن، پاڵەوانی جەنگن، کە ھاوشانی سەربازانی ئینگلیزو ئەمریکیو ھاوپەیمانان، شەڕیان کردووە دژ بەداعش. ئەوان لەگەڵ بەریتانیا شەڕیان کرد دژی داعش، بۆ ڕزگارکردنی عێراقو ڕۆژئاوا، ئێستاش لەزینداندا جێھێڵدراونو ماونەتەوە".
ھیوا تاڵەبانی دەڵێ "چاوەڕوانی زیاتر لەحکومەتی بەریتانیا دەکەین، چونکە ئەم ھەرێمە لەدوای ڕووخانی سەدام حوسێنەوە، چرای سەقامگیری بووە بەھاوکاری بەریتانیا".
ھەر بەگووتەی ئەو براگەورەی لاھورو پۆڵاد تاڵەبانی، "پێشبینی دەکرێت لەشەش مانگی داھاتوودا شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەران بێنە بەریتانیا، بەھۆی ئەم قەیرانو کێشانەی ناوچەی سلێمانی، کە تێیدا کۆچبەران دەبنە قوربانی دەستی ئەو باندو قاچاغچیانەی کە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، سوێندی خواردووە تێکیان بیشکێنێت".
ھیوا تاڵەبانی دەڵێ 'ئەم دۆخە دەبێتە کێشەی حکومەتی بەریتانیاو کێشەی کۆچبەری بۆ گەلی بەریتانیا، بۆیە داوا لەسەرۆک وەزیران دەکەین، ھەوڵی خۆی بدات براکانم لەزیندان ئازاد بکات".
ڕۆژنامەی دەیلی ئێکسپرێس، بۆ پشت ڕاستکردنەوەی قسەکانی براکەی پۆڵادو لاھور، دەربارەی ھاتنی لێشاوی کۆچ لەژێردەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، قسەی وەرگێڕێکی کوردی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیای پشتڕاستکردۆتەوە، کە بەمەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکات، لەگەڵ دەیلی ئێکسپرێس قسەی کردووە.
وەرگێڕە کوردەکە دەڵێ "ئاگاداری ئەو کەیسو کەسانەیە کە لەئێستادا بەڕێگای بەلەمی بچوک دەپەڕنەوەو دێنە بەریتانیا، بەھۆی قەیرانی نائارامی لەسلێمانی. خەڵکێکی زۆر دێن، بەھۆی ئەوەی ڕوویداوە، کە وەک ئەوە وایە پێشتر لەسەردەمی (سەدام)دا خەڵک زۆر لەترسو دڵەڕاوکێدا بوون".
وەرگێڕەکەی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ "سلێمانی ئێستا زۆر ترسناکە، زۆر کەس ھەوڵی ڕۆیشتن دەدەن، کەسانێک پشتگیری لاھوریان کردووەو ئەوانی دیکەش، ھەست بەسەلامەتی ناکەن".
دوایین داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، سەبارەت بەڕەگەزنامەی ئەو کۆچبەرانەی لەکەناڵی ئینگلیزی دەپەڕنەوە بە بەلەمی بچووک، دەریدەخات "لەنێوان چارەکی یەکەمو دووەمی ساڵی ٢٠٢٥، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لەعێراقەوە دێن، کە ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، زیاتر لە ١٠٠% زیادی کردووە".
لەپێشھاتێکی نیگەرانکەری دیکەدا، ھیوا تاڵەبانی پێیوایە، "ئەو ناسەقامگیرییەی بەھۆی ئەو ناکۆکییەوە دروستبووە، بووەتە ھۆی ئەوەی کورد، لەناوچەکە ھەڵبێتو ھەوڵی گەیشتن بە بەریتانیا بدات، بەبەکارھێنانی ڕێگای قاچاغ".
سلێمان موحسین، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنو پەیوەندییەکان، لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەھەرێمی کوردستان، لەدوای دەستبەسەرداگرتنی لاھورو پۆڵاد، بەدواداچوونی بۆ ئەو دۆسیەیە کردوە.
ئەودەڵێ "دەزانین کونسوڵی بەریتانیا، لەزیندان سەردانی لاھور تاڵەبانی کردووە، چونکە ھاوڵاتی بەریتانییە، بەڵام لەوەش زیاتر ئاگاداری ھیچ کارێک نین".
سلێمان موحسین، ئاماژەی بەوەشکردوە، "ھیچ کام لەھەردوو وڵات (ئەمریکاو بەریتانیا) ھیچ ھەوڵێکیان نەداوە بۆ ئازادکردنی لاھور تاڵەبانی، داوا لەھەردوو حکومەت دەکەین لێکۆڵینەوەیەکی شەفافو قووڵتر لەو دۆسیەیە بکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی ڕێچکەی یاسایی خۆی وەرگرێت".
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەھەرێم، "ئەم ململانێیە کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر خەڵکی سلێمانی ھەبووەو زیانی بەرچاوی بەماڵو حاڵی خەڵکی ناوچەکە گەیاندووە، دانیشتوانی گەڕەکەکەو خەڵکی سلێمانی بەتایبەتیو کوردستان بەگشتی، لەم کارە زۆر ناڕازی بوون".
موحسین، کە یەکەم کەس بووە لەزیندان سەردانی لاھوری کردووە، وتی "لەکاتی دەستگیرکردنی لاھورو ئەندامانیان، چەکی قورسو دۆشکەو تانک بەکارھێنراوە، لەئەنجامدا چەندین کەس کوژراو بریندار بوون، و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش تائێستا لەزیندانەکاندا ڕاگیراون".
ئاماژەی بەوەشکردوە "ھەر لەیەکەم ڕۆژی ڕووداوەکەوە، نیگەرانین لەچارەنووسو مامەڵەی ھەموو ئەو زیندانیانە".
لەلایەکی دیکەوە، ئەندامێکی پێشووی ھێزە تایبەتەکانی بەریتانیا، کە زانیاری دەستی یەکەمی لەسەر ڕۆڵی لاھورو پۆلاد ھەیە لەیارمەتیدانی ھاوپەیمانان بۆ شکستپێھێنانی داعش، بەدەیلی ئێکسپرێسی ڕاگەیاندووە "لاھورو پۆلاد، یارمەتیدەرێکی گەورە بوون، پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ ھەردوو حکومەتی ئەمریکاو بەریتانیا ھەبووە، ئەوان شەڕیان لەدژی گروپە تیرۆریستییەکان کردووە، چ لەناو عێراقدا، چ لەناو سوریاشدا. لەقۆناغێکدا لاھور فەرماندە بووە، بەڵام دواتر بووە بەرپرسی ھەواڵگریو پۆڵاد برای جێی ئەوی گرتووە، من ٢٠ ساڵە ئەو کوڕانە دەناسم".
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بینینی ئەو دوو کەسە بەزیندانیکراوی جێگای نیگەرانیو دڵشکانە.
بافڵ تاڵەبانی، لەکاتی دەرکەوتنی لەکۆڕبەندی پەیمانگای توێژینەوەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست (MERI) ھەفتەی ڕابردوو لەھەولێر، لەسەر ئەو بابەتە لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەسەر سەکۆکەو لەبەردەم ئامادەبووانێکی زۆردا، کە بەتۆنو شێوەزاری لەندەنی دەدوا، وتی “ھیچ دابەشبوونێک لەحیزبەکەیدا نیە".
کاتێک پرسیاری لەبارەی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن لەزیندانەکانی سلێمانی لێکرا، بافڵ وتی "ئەگەر زۆر بە ئەدەبەوە باسی پرسیاری ئامۆزا ئازیزەکانم دەکەیت، ھەبوونی حزبێکی سیاسی قەڵغان نییە بۆ تاڵانچیو دەستڕاگەیشتن یان دەربازبوون لەدەسەڵاتی دادوەری".
وتیشی "لاھورو حیزبەکەی، بەڵگەکان لەسەریان زۆرنو بەڵگەکانی دژی ئەوان بەڵگەن، کە ساختە ناکرێن، بەڵگەن کە ناتوانرێت دروست بکرێن، ئێمە باسی دانپێدانان ناکەین، باسی تەلەفۆن، ھارد دیسک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کۆمپیوتەر، چەک، ناسنامە، بەڵگەی تێپەڕنەکراو... ھەروەھا قسەکانی بەڕێز لاھور خۆی، ئەوە لاھور بوو کە چووە سەر تەلەفزیۆنو وتی: من میلیشیایەکم ھەیەو تا مردن شەڕ دەکەم".
بەگوتەی بافڵ تاڵەبانی، "ئەگەر تۆ سەرکردەیەکی سیاسی بیت بەو مانایە نیە تۆ لەسەرووی یاساوەیت. ئەوە بەو مانایە نییە کە دەتوانیت پلان بۆ کوشتنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی خۆت دابنێیت، ئەوە بەو مانایە نییە کە دەتوانیت بازرگانیو دزیو بڕی بکەیت، ھەروەھا دواتر ھیچ کونێکی سەلامەتیت نابێتو لەدەستی دەسەڵاتی دادوەری، ڕزگارت نابێت".
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەزیندانیکردنی لاھورو پۆڵاد، وتەبێژی FCDO بەدەیلی ئێکسپرێسی ڕاگەیاندوە "ئێمە پاڵپشتی ئەو کەسە بەریتانیانە دەکەین، کە لەھەرێمی کوردستانی عێراق دەستبەسەر کراونو لەپەیوەندیداین لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکان".
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ "لەنزیکەوە بەردەوامین لەکارکردن لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستانو ھاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی ڕێڕەوی کۆچو ڕێککەوتنی گەڕانەوەی کۆچبەری شکستخواردوو، ھەمئاھەنگی لەگەڵ عێراق ئەوانەی بەشێوەیەکی نایاسایی دێنە بەریتانیا، بەخێرایی دەگەڕێندرێنەوە".