ئا: هێڤی ئاوات
ژمارەیەکی بەرچاو لەدەنگدەرانی کوردستان، ئەو گەنجانەن کە بۆ یەکەمجارە لەهەڵبژاردندا مافی دەنگدانیان هەیە، ئەوان سەبارەت بەپرۆسەی هەڵبژاردن بەسەر دوو بەرەی جیاوازدا دابەش بوون، بەشێکیان بەگرنگییەوە لەپرۆسەی دەنگدان دەڕواننو بەشێکی دیکەشیان گاڵتەیان بەپرۆسەی هەڵبژاردنو دەنگدان دێ، گەنجێک دەڵێت "من نەک بڕوام بەهەڵبژاردن نەماوە، بەڵکو بڕوام بەژیانیش نەماوە لەم وڵاتەدا".
رێژوان ئیسماعیل، گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵەو لەگەڵ دوو هاوڕێیدا لەچایخانەیەکی بەرامبەر سەرا دانیشتونو سەرگەرمی قسەکردنن، کاتێک پەیامنێری ئاوێنە دەربارەی هەڵبژاردن پرسیاری لێدەکات، بەپێکەنینەوە دەڵێت "تەقەی سەری دێ"، ئەو بەئاوێنەی وت "گاڵتەم بەهەلبژاردن دێ، هەڵبژاردن چی لەژیانی ئێمە دەگۆڕێ؟! لەھەموو کاتێکدا تەنھا ئەو کەسانە سوودمەند دەبن کە دەچنە ئەو پۆستانەوە".
ئەو پێیوایە کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستانو بەغدا بەھیچ شێوەیەک چارەسەر نابن، هەموو ئەو بەڵێنانەی حزبەکانو کاندیدەکان دەیدەن، پووچ دەردەچن، ئەو وتی "لەلای من هەڵبژاردن ھەمووی قۆڵبڕینو شانۆگەرییە، ئەمڕۆ بەڵێنی گەورەمان پێدەدەنو کاتێکیش دەرچوون ھیچی جێبەجێ ناکەن، لەبەرئەوە هەرچەندە من بۆم هەیە ئەمجارە لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بدەم، بەڵام باوەڕم پێی نییەو بەشداری هەڵبژاردن ناکەمو دەنگ نادەم".
بهشداریكردن یان بایكۆتكردنی پرۆسهكه پهیوهندی بهخودی كهسهكانهوه ههیه، لەکوردستاندا ههموو جارێك لهكاتی ههڵبژاردنهكاندا خەڵکی بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەبنو زۆرجاریش ململانێی توندی لایەنەکان یان خاوبوونەوەی ئەو ململانێ حزبیانە كاریگهیی لهسهر رێژهی بهشداریی دهنگدهران دەبێت.
شاکۆ سیروان، خوێندکاری پۆلی ق٢ی ئامادەییەو ئاماژە بەوە دەکات تاکە هۆکارێک شک نابات کە وای لێبکات بەشداری لەهەڵبژاردندا بکات، لەبەرئەوەی براو خوشکێکی دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ ئێستا دەیابینێ بێکارنو بەم رۆژگارە بەدوای کارێکدا دەگەڕێنو دەستیان ناکەوێت، ئەو بەئاوێنەی وت "کێشەی گەورەی بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە کە خەڵکی هیچ حەماسێکیان نییەو بایەخێکی زۆر بەقسەو دروشمی کاندیدو حزبەکان نادەن، ئەمەش هاندەر نییە بۆ من تا بەشداری دەنگدان بکەم، فلان بیباتەوە یان فیسار، بۆ من جێی بیەخ نییە، من نەک باوەڕم بەهەڵبژاردن بەڵکو باوەڕم بەژیانیش لەم وڵاتەدا نەماوە".
پاشان بەگاڵتەو پێکەنینەوە وتی "بەتەمام دەنگ بدەم بەزالە ئەستێلی، ئەو پیاوەی بۆ گاڵتەو گەپ هاوڕێکانی پۆستەرێکیان بۆ دروست کردووەو ئەمە هی ئەوەیە دەنگی بدەیتێ".
خەڵکی سلێمانی کە گیانی نوکتەبازییان تیا بەهێزە، زۆرجار لەگەرمەی هەموو رووداوەکاندا، بەرگێکی گاڵتەو گەپ دەکەن بە بەرگی مەسەلە جددییەکانیشدا، وەک ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا بۆ گاڵتەو گەپ کەسێکیان بەبێ ئاگاداری خۆی کردووە بەکاندیدو پۆستەرەکانیان بەدروشمی سەرنجڕاکێش بەشەقامەکانی سلێمانیدا بڵاوکردوەتەوە.
سەردار فەهمی، کە نازناوی هونەری (زالە ئەستێڵی)یە، باس لەوە دەکات بەیانییەک کە لەماڵەوە هاتوەتە دەرەوەو پۆستەرەکەی خۆی لەشەقامی شەست مەتری بەرامبەر فامیلی مۆل بینوە حەپەساوە، ئەو بەئاوێنەی وت "کە لەپۆستەرەکە ورد بوومەوەو سەیرم کرد، بینیم ئەوە خۆ منم کراوم بەکاندیدی سەربەخۆی ژمارە ٤٤، یەکسەر زانیم ئیشی سێ چوار هاوڕێمەو پەنگیان پێداوم، دواتر سەیرم کرد هەر ئەم پۆستەرە نییەو لەچەند شوێنێکی تریش پۆستەریان داناوم، جا خۆش ئەوەیە من خۆم داماوم ریکلامیان بۆ کردووم کە پاشای هەژارانم، یان گوایە من کێشەکانی هەرێم خەویان لەچاوم بڕیوەو هەتا چارەسەریان نەکەم نانوم، یاخود بەخەڵک دەڵێم مووچەکانتان لەبەغداد لەگەردنی مندایە، ئەنواع بەڵێنی سەیرو سەمەرەیان لەسەر پۆستەرو لەگەڵ وێنەکانم نووسیوە، تا هەموویم لێکردەوە بەهیلاک چووم".
زالە ئەستێڵی وتیشی "ئەم خەڵکی سلێمانییەش هیوایەتیان گاڵتەو فشقیاتە، بێزار بووم ئەوەندە تەلەفونم بۆ هاتووە، سەدان کەس تەلەفونم بۆ دەکەنو دەڵێن دەنگمان بۆ تۆیە، کە ئەڵێم بابە کاندیدی چی ئەوە هاوڕێکانم گاڵتەیان لەگەڵ کردووم! ئەڵێن کاکە سەردار لێت عاجز ئەبین دەست لەکاربکێشیتەوە، یان دەڵێن ئەو قسانە ناخوا تەواو تازە دەنگمان هەر بۆ تۆیە مامە سەردار".
بەڵام سەڕەرای ئەوەش، کۆمەڵێک لەگەنجانی کوردستان کە ئەندام یان هەواداری حزبەکانن، جەغت لەوە دەکەن کە بەشداری لەپرۆسەی هەڵبژاردندا دەکەنو بەشداری کردنیان بەئەرکێکی نیشتیمانی دەزانن.
جوامێر غەریب، باس لەوە دەکات کە زۆر دڵی خۆشە بەوەی تەمەنی بووە بە١٨ ساڵو بۆ یەکەمجار مافی دەنگدانی هەیە، ئەو کە بەسەر ماتۆڕێکەوەو هاتووە بۆ سەهۆڵەکە تا بانگەشەی هەڵبژاردن بکاو ئاڵای لایەنێکی سیاسی بەرزکردوەتەوە، بەئاوێنەی وت "ھەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسییەو جگە لەهەڵبژارنیش هیچ رێگەیەکی دیکەی گونجاومان لەبەردەمدا نییە بۆ بەدیهێنانی مافەکانمان، لەبەرئەوە ئەرکی ئێمەیە دەنگ بەو لایەنە بدەین کە کار بۆ بەرژەوەندی کوردستانو گەلی کورد دەکات، ئەوەشمان لەبیرنەچێت کە ئەم ھەڵبژاردنە ھێزی کورد لەبەغدا دەردەخات".
وتیشی "من ئامادەم دەنگ بدەم چونکە ئەم ھەڵبژاردنە کێبڕکێکی قورسە لەنێوان چەند لایەنێکی کوردستان بۆ ئەوەی کێ دەتوانێت جێی متمانەی خەڵکی کوردستان بێو نوێنەراتییان بکات لەبەغداو داکۆکی لەمافەکانیان بکات".
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی ١١/١١، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدەدرێتو ژمارەیەکی زۆر لەحزبو لایەنە سیاسییەکان کێکبڕکێ دەکەن بۆ بردنەوەی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان. زۆربەی حزبو لایەنەکانی کوردستانو عێراق بەردەوام کار لەسەر گەنجان دەکەن، بۆ ئەوەی بننە پاڵپشتو دەنگدەریان، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاویان وەک خۆیان دەڵێن تا ئێستا خۆیان یەکلایی نەکردوەتەوە بەشداری دەنگدان دەکەن یان نا.
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات