بەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە ڕێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) لە ناو خاکی عێراقەوە هێرش کرایە سەر وڵاتی کوێت. لە بەرامبەردا، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دڵنیایی بە لایەنی کوێتی داوە و جەختی لە لێپێچینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی هێرشەکە کردووەتەوە.
ئاوێنە: لە دوای هێرشەکە کە ئەمڕۆ هەینی ٢٤ی نیسان بە دوو درۆن کرایە سەر کوێت، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ فەهد یوسف سەباح، هاوتا کوێتییەکەی ئەنجامدا و تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.
لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، شەمەری بە وەزیری ناوخۆی کوێتی ڕاگەیاندووە کە محەمەد شیاع سوودانی، وەک سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بڕیاریداوە لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێنێت بە مەبەستی ئاشکراکردن و سزادانی ئەو کەس و لایەنانەی لە پشت هێرشەکەوەن.
جێی ئاماژەیە، پێشتر هەریەک لە وڵاتانی کوێت، عەرەبستانی سعوودیە و ئوردن بە شێوەیەکی فەرمی پەیامی ناڕەزایەتییان ئاراستەی حکوومەتی عێراق کردووە، ئەمەش بەهۆی ئەو هێرشە بەردەوامانەی کە لەلایەن چەند گرووپێکی چەکدارییەوە بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتانە ئەنجام دەدرێن.