لێیدی ساپیەنز، ئافرەتی پێشمێژوو
  2026-05-11       212       

نوری کەریم

 

بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، کە باسی ئافرەتانی پێشمێژوو دەکرا، زێتر لە ڕوانگەی هەلومەرجی ئێستای ئافرەتانەوە بوو، کە وێنەیەکی نەریتیی ئافرەتێکی چەوساوەی ژێر چەپۆکی پیاوێکی زۆردار بوو.

   بەڵام لێیدی ساپیەنز بە پشت بەستن بە هاوکاریی زانیارییانەی نێوان شوێنەوارزانی archaeology، نەژادزانی ethnobiology و مرۆڤزانی anthropology، و هەروەها دوا دەستکەوتەکانی زانست لە ڕەواڵکاری پێشکنین و لێکۆڵینەوەی تاقیگاییدا، ڕوانگەیەکی بەڵگەدار دەهێنێتە کایەوە.

   ئیتر دەبێت بانگخوازانی ئایینی و دەسەڵاتدارانی کۆنەپەرست دەمی خۆیان دابخەن و ڕەوایی بە ژێردەستەییی ئافرەتان نەدەن، کە باوەڕیان بە هیچ توێژینەوەیەکی زانستی نییە، ئیتر ئێستا چالاکەوانانی یەکسانیخواز و فێمینستەکان بۆچوونەکانیان تەنیا پشت نابەستێت بە شیکاری، بەڵکوو بناغەیەکی زانستییان هەیە.

   لێیدی ساپیەنز Lady Sapiens یان ئافرەتی پێشمێژوو ('پێشمێژوو' بە واتای ئەو مێژووە دێت کە نەنووسراوە، بە وشەگەلێکی تر، ئەو مێژوویەی کە پێش نزیکی پێنج هەزار ساڵ هەبووە)، لە لایەن تـــۆماس ســـیرۆتۆ، ئـــیرک پـــینکاس و جــــینیفر کـــێۆنەر بە زووانی فەڕەنسی نووسراوە و لە مانگی نۆی ساڵی 2021دا چاپ کراوە. وەرگێڕانەکانی تری بۆ زووانەکانی تر، بە هەمان ناونیشانەوەیە، بۆیە منیش هەر هەمان ناونیشانم بۆ داناوە.

لێیدی ساپیەنز، کە وەرگێڕانەکەی دەبێت بە خاتوونی هۆشمەند ('هۆشمەند' بە واتای بوونەوەرێکی مرۆڤی دێت، بە مێشکێکی گەورەتر لە باقی بوونەوەرانی تر و بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی، ئامراز بەکار دەهێنێت)، بەرهەمی هەوڵێکی بەکۆمەڵی زانایان، لێکۆڵەرەوان و ڕۆژنامەنووسانی زانستیی فەڕەنسییە، کە پشت دەبەستن بە دیمانەی هەرە شارەزایانی جیهانی و سەردانی گەلێک شوێنەواری مێژوویی.

   لەم وێنەیەی لێیدی ساپیەنزەدا، ئافرەتی پێشمێژوو تەنیا دایک نییە و لە ماڵەوە هەروا خەریکی ئیشی ناوماڵ بێت و چاوەڕوانی بەزەییی پیاوەکەی بکات، بەڵکوو ڕاوکەر، کۆکەر، بەرگدروو، گڵێنەکار، پزیشک، هونەرکار، شامان و ڕابەری خێڵەکەی خۆیەتی. کاتێک کە سامان ئەوەندە زۆر نەبووە تا لە دەستانی کەمینەیەکدا کۆ ببێتەوە و کاتێک کە گیانبەدەربردنی خێل، گرنگی یەکەمی هەبووە، ئافرەتی پێشمیژوو پێگەیەکی ئەو پەڕی بەرزی هەبووە. ئەم ڕۆڵگێڕانەی ئافرەتی پێشمێژوو تەنیا بانگەشە و شیکاری نییە، بەڵکوو بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی تەواو زانیستییانەیە و گرنگی ئەم کتێبە هەر لەوەدایە.

   ڕەواڵکاری زانستی بۆ توێژینەوە، بڕبڕەی پشتی بەڵگەکانی ئەم کتێبەیە. بەبێ ئەم پێشکەوتنە زانستییە، ئەگەری نەبوو وەڵام بدرێتەوە بەو پرسیارە بێوەڵامانەی تا ئێستا هەن سەبارەت بە کاری و ژیانی ئافرەتانی پێشمێژوو. بێگومان لەم پەیوەندەدا، زۆر پرسیاری تر هەیە کە تاکوو ئێستا بێوەڵامن، بەڵام ئەو چاوەڕوانییە هەیە، بە پێشکەوتنی زانست و ڕەواڵکاری توێژینەوە تا ئەندازەیەک وەڵامیان پێبدرێتەوە.

   ئێسکەپەیکەرێکی مرۆڤی دۆزراوەی سەردەمانی چاخی بەردیی دواتر (کە بەرواری ئەو چاخە دەگەڕێتەوە بۆ چل تا دە هەزار ساڵ لەوەوپێش)، لە ڕێگای پێکهاتی حەوز، کونی گوێچکە لە کەللەسەردا یان هەر پارچە ئێسقانێکی بە توێژینەوەی دنــــا DNA، دەکرێت زایەندەکەی دیاری بکرێت. ئێسکەپەیکەر وەک دەفتەری بیرەوەری وایە. کەسێک لە ژیانیدا، کاری جۆڵایی کردبێت یان کرێکاری، کاریگەریی ئەم دوو جۆر کارە لە سەر ئێسکەپەیکەر تەواو جیاوازە، دەکرێت ئەم جیاوازییە لە پاش هەزار ساڵ ببینرێتەوە و بزانرێت خاوەنی ئەم ئیسکەپەیکەرە لە ژیانیدا چ کارێکی کردووە، بەو مەرجەی ئێسکەپەیکەرەکە لەناو نەچووبێت. هەروەها دەکرێت لە ڕێگای توێژینەوەی دنــــا DNAـەوە، پەی ببرێت بە پەیوەندیی خزمایەتی ئەوانەی کە لە گۆڕێکدا پێکەوە نێژراون.

   ئافرەتانی پێشمێژوو ماسولکەگەلێکی باش پەرەگرتوویان پێوە بووە و زۆر بەهێزتر بوون لە زۆربەی هەرە زۆری ئافرەتانی ئەمڕۆ، جۆری کارەکانیان شوێنەواری بە سەر ئێسکەپەیکەرەکانیانەوە جێهێشتووە.

   یەکێک لەو پرسیارە بێوەڵامانەی کە تا چەندین دەیان ساڵ لەوەوپێش لە ئارادا بووە، ئەوە بووە ئافرەتێکی پێشمێژوو بە تێکڕا چەند منداڵی بووە. ئەم توێژینەوە زانستییانە تا ئەو ئاستە پێشکەوتووە کە بزانێت، ئافرەتێکی پێشمێژوو لە تەمەنی چەندی منداڵەکەیدا شیری لێ بڕیوەتەوە و بەو پێیە، مەزەنەی چەند منداڵی بۆ دەکرێت. هەر خۆراکێکی هەرسکراو لە لایەن گیاندارێکی مرۆڤییەوە، لە پاش خۆی نیشانەی توخمی هاوتایی isotopic جێدەهێڵێت، وەک جۆرێک لە شوێنەوار لە ناو ماسولکە، ئێسقان و دداندا دەمێنێتەوە. پاشان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لە دوای مردنی ئەو مرۆڤە، توخمی کانزایی، کاربۆنی ــ 14 و کالیسیوم بە تایبەتی جێگەی سەرنجن بۆ هەڵهێنجانی زانیاری سەبارەت بەو کەسە مردووە. ڕێژەی کالیسیوم لە دداندا، کاتێک کە دروست دەبێت و زێتر دەبێت، شوێنەواری خۆی جێدەهێڵێت، بۆیە دەکرێت پەی بە گەورەبوونی ددان ببرێت لە ڕێگای ئەندازەگرتنی ڕێژەی کالیسیوم لە میکرۆ نموونەگەلێکی تاجی دداندا. بە شێوەیە دەتوانرێت ئەو ماوەیەی شیرپێدانە دیاری بکرێت. بەم توێژینەوەیە دەردەکەوێت، کە منداڵێکی ئافرەتی پێشمێژوو تا تەمەنی چوار ساڵی مەمکی پێدراوە. ئافرەتانی چاخی بەردی تا نزیکەی تەمەنی سی ساڵی بەسکوزا بوون، ئەگەر بڵێین لە تەمەنی نزیک چواردە ساڵیدا منداڵیان بە دونیا هێناوە، ئەوا دەکرێت هەر ئافرەتێک ئەو پەڕی پێنج یان شەش منداڵی بووبێت.

 لێیدی ساپیەنز سەفەرێکە بەرەوو قووڵاییی هەموو مرۆڤایەتیمان، لە پێناوی گەڕاندنەوەی ئافرەتانی دوێنێ و ئەمڕۆ بۆ پێگەی ڕەوای خۆیان لە مێژووی چەشنی مرۆڤیدا. بە دیاریکراوی وەڵام بەو پرسیارانە دەداتەوە: ئافرەتانی پێشمێژوو کێ بوون؟ چ ڕۆڵێکیان هەبووە، چیان کردووە لە ناو خێڵەکانیاندا، چ پێگەیەکیان هەبووە؟ ئایا تەنیا نەوەخەرەوە بوون یان کەسانێکی ئەفسانەییی بەسکوزای مەزن؟ ئایا ئەندامانی ژێردەستەی خێڵەکانی خۆیان بوون یان دابینکەرانی ڕاستەقینەی خۆراک، بە تایبەتی بۆ گیانبەدەربردنی خێڵەکانیان؟ ئایا دەکرێت بانگخوازانی ئایینی یان خواوەندێ بووبێتن؟

   ئایا ئافرەت داهاتووی مرۆڤە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەندی بە زانستەوە نییە. بەڵام ئەوەی تا ئێستا ڕۆشنە ئەوەیە، کە ئافرەت بە شێوەیەکی بڕیاردەرانە فۆرمی بە ڕابوردوومانەوە داوە. لە ئێستا بە دواوە ئەمە دەگەڕێتەوە بە هەر یەک لە ئێمە، هەم بە پیاوان هەم بە ئافرەتان وەک تاکگەلێک، بڕیار بدەین پێمان خۆش بێت، چ ڕۆڵێک ببینن لە فۆرمدان بە جیهانی سبەینێ.

   پێم خۆشە خوێنەرانی کتێبە وەرگێڕدراوەکانم ئاگادار بکەمەوە، کە ئەمە سێهەمین کتێبی وەرگێڕاومە کە ناینێرم بۆ چاپکردن، ئەوانی ترم، 'گەورەیی هەر بۆ مرۆڤە' / 'چۆن وەهمپەرستی هەموو شتێک ژەهراویی دەکات' ــ کریستۆفەر هیچنز و 'زایەندەکەی تر' ــ ســـیمۆن دو بـــۆڤوار. بە هۆی ئەو هەلومەرجەی کە لە کوردستاندا هەیە، بازاڕی کتێب زۆر کز بووە. دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، ئەو پەڕی بە تیراژی دوو سەد یان سێ سەد دانە کتێب چاپ دەکەن. هەروەها دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە هەر شارێک، کتێبەکانیان بۆ کتێبفرۆشەکانی هیچ شارێکی تر نانێرن، مەگەر ئەوەی لە ڕێگای پێشەنگای کتێبەوە بێت، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک، لە شارێکی تر کتێبەکانیان بفرۆشن.

 

nourikarim52@yahoo.com

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×