لە کاتی گفتوگۆکانی تایبەت بە دیاریکردنی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی کابینەکەی، پێش ئەوەی لەسەر "زەیدی" وەک کاندیدی سازان ڕێکبکەون، دەرکەوتنی ناوبراو بووە جێی سەرسوڕمانی ناوەندی سیاسی.
ئاوێنە: دواتر بەهۆی دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان و شێوازی نوێنەرایەتیکردنی ئەو هێزانەی کە نزیکن لە گروپە چەکدارەکان یان خاوەنی باڵی چەکدارین، ناکۆکییەکان زیاتر قووڵ بوونەوە، بەتایبەتی لە وەزارەتە ئەمنیی و خزمەتگوزارییەکاندا، ئەمەش ئەو گرێیەیە کە هەر لە سەرەتای گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتەوە یاوەری پرۆسەکە بووە.
بەپێی سەرچاوەکان، چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەفتەکانی ڕابردوودا زیاتر لە دوو بەرەی جیاواز دەچوو نەک یەک کوتلەی یەکگرتوو. بەرەی یەکەم بەلای نووری مالیکی، هادی عامری، فالح فەیاز، ئەحمەد ئەسەدی و هومام حەموودیدا دەشکێتەوە، کە ئەمانە ئەو هێزانەن پێیان وایە لە پێکهاتەی حکومەتدا ڕەچاوی بەرکەوتە سیاسی و پەرلەمانییەکانیان نەکراوە. لەکاتێکدا بەرەی دووەم پێکهاتووە لە عەممار حەکیم، محەممەد شیاع سوودانی، قەیس خەزعەلی و حەیدەر عەبادی، کە ئەم بەرەیەش سەرەڕای تێبینییەکانیان، مامەڵە لەگەڵ حکومەتەکەی زەیدیدا دەکەن وەک ڕێککەوتنێکی نەرم کە دەتوانرێت بەڕێوە ببرێت.
سەرچاوەکان ئەوەش دەخەنە ڕوو کە هەر لە سەرەتاوە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەکە ئاسان و ڕەوان نەبوون، بەتایبەتی لە پرسی پێگەی ئەو هێزە چەکدارانە یان ئەو لایەنانەی لێیانەوە نزیکن لە ناو حکومەتی نوێدا، هەروەها قەبارەی بەشداریکردنیان لە پۆستە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ فشاری ناوخۆیی و دەرەکی بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە کەمتر پەیوەست بێت بە هاوکێشەی گروپە چەکدارەکانەوە و هەڵوێستێکی ڕوونتری هەبێت لە دۆسیەی قەتیسکردنی چەک بەتەنها بە دەست دەوڵەتەوە.