مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە هێنانەکایەی سیستەمێک لەلایەن ئێرانەوە بۆ وەرگرتنی ڕسووماتی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز، کارێکی قبووڵنەکراوە.
ئاوێنە: ناوبراو پێش کۆبوونەوەی وڵاتانی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کە ئەمڕۆ هەینی لە شارۆچکەی هێلسینبۆرگ لە سوید بەڕێوەدەچێت، ڕایگەیاند کە پێویستە هاوپەیمانێتییەکە بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەسوود بێت، و پێشبینی دەکات ئەم کۆبوونەوەیە ڕێگا خۆش بکات بۆ بەستنی لووتکەیەک لە نێوان سەرکردەکانی وڵاتانی هاوپەیمانێتییەکە لە ئەنقەرە لە کۆتایی ئەمساڵدا. ئەوەشی زیاد کرد: "وەک هەر هاوپەیمانێتییەکی تر، پێویستە ئەمەش بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەسوود بێت. دەبێت تێگەیشتنێکی ڕوون بۆ پێشبینییەکان هەبێت".
جگە لەوەش، ناوبراو پێی وابوو کە "پێویستە مامەڵە لەگەڵ بێهیواییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا بکرێت، کە بەهۆی هەڵوێستی هاوپەیمانانی وڵاتەکەیەوە بەرامبەر بە شەڕی دژی ئێران دروست بووە".
ڕووبیۆ وتیشی: "ڕاکانی سەرۆک و بە ڕاشکاوی بێهیوایی ئەو لە هەندێک لە هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆ و کاردانەوەیان بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بابەتگەلێکن کە بە باشی دۆکیۆمێنت کراون و دەبێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ چارەسەر ناکرێن یان یەکلا ناکرێنەوە".
سەبارەت بەو هەنگاوانەش کە واشنتۆن دەیاننێت بۆ کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی لە ئەوروپا، جەختی کردەوە کە "ئەمە ئامانج لێی سزادانی هاوپەیمانان نییە بەهۆی هەڵوێستیان لەسەر شەڕی دژی ئێران". ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتەکەی "بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پابەندبوونە جیهانییەکانی پەیوەست بە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی، و ئەمەش بەردەوام داوای لێدەکات هەڵسەنگاندنەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو هێزانە بکات". لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە "ئەم ڕێکارە سزایی نییە، بەڵکو کارێکی سروشتییە و بەردەوام دەبێت".
ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ پێنجشەممە ئاماژەی بە بوونی نیشانەی باش کردبوو سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ڕێگەی پاکستانەوە.
هاوکات، سەرچاوەیەکی ئاگاداری پاکستانی بە (العربیة/الحدث)ی ڕاگەیاندووە کە هەردوو دۆسیەی گەرووی هورمز و گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی بەرز هێشتا لە ژێر تاوتوێکردندان، چونکە هەر لایەنێک پێداگری لەسەر هەڵوێستی خۆی دەکات. بەو پێیەی تاران ڕەتیدەکاتەوە یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی بەرز بۆ دەرەوە بگوازێتەوە و پێداگری لەسەر کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز دەکات، لە کاتێکدا واشنتۆن ئەوە ڕەت دەکاتەوە.