ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە، لە درێژەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و بە مەبەستی نێوەندگیری، ئەمشەو عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان و وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە گەیشتنە تاران، پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، شاندە باڵاکەی پاکستان کە پێکهاتوون لە فەرماندەی سوپا و وەزیری ناوخۆ، ڕاستەوخۆ دوای گەیشتنیان، لەلایەن ئەسکەندەر موئمنی، وەزیری ناوخۆی ئێرانەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکراوە و بڕیارە کۆبوونەوەکانیان دەست پێبکات.
هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی شاندی پاکستان، پرۆسەی نێوەندگیرییەکان لە ناوچەکەدا چڕتر بووەتەوە، بەو پێیەی هەر ئەمڕۆ شاندێکی دانوستانکاری دەوڵەتی قەتەریش بۆ هەمان مەبەست گەیشتوونەتە تاران و چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆی چڕ لەسەر پرسە هەستیارەکان بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، پێشهاتەکان خێراتر دەبن؛ کەمێک پێش ئێستا دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکی نوێدا هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە و بە توندی جەختی لەوە کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ترەمپ لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە کە سەرەڕای گرژییەکان، تاران زۆر پەرۆشە بۆ ئەوەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بگاتە ڕێککەوتن.