سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە پەیامێکی فەرمیدا، ستراتیژی نوێی خۆی لە نێوان گۆڕەپانی سەربازی و دیپلۆماسیدا ئاشکرا کرد. سوپای پاسداران جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی ئامادەیی پۆڵایین و پتەوی هێزەکانی لە سەرجەم گۆڕەپانە جۆربەجۆرەکاندا کردەوە، هاوکات پشتگیری خۆشی بۆ پێشەنگەکانی کەرتی دیپلۆماسی وڵاتەکەی دەربڕی تا ئەو کاتەی دەگەنە "سەرکەوتنی کۆتایی". لە پەیامەکەدا هاتووە کە پرۆسەی دانوستانەکان ئێستا وەک "سەنگەرێک" وایە کە پێویستی بە خۆڕاگری، سەبات و نواندنی کاریگەری هەیە لە دژی هەمو ئەو فشارە دەرەکییانەی دەخرێنە سەر تاران.
ئاوێنە: سوپای پاسداران لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە تواناکانی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند: ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستەقینە" وەک قەڵغانێکی پارێزەری نیشتمانی وایە کە ئێران لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و قەوارەی زایۆنیستی دەپارێزێت. دەشڵێت، قۆناغی ئێستا لە هەمو کات زیاتر پێویستی بە یەکگرتووییەکی هەمەلایەنەی نیشتمانی لە ناوخۆی وڵاتدا هەیە.
لە هەنگاوێکی کەمبوێنیشدا، سوپای پاسداران ستایشی ڕۆڵی گرنگی "بانگخوازان، کەسایەتییە دیارەکان، هونەرمەندان و وەرزشوانانی" ئێرانی کرد. ڕایگەیاند کە ئەوان بە هەڵوێستەکانیان دیمەنە موعجیزەئامێزەکانیان بەجەستە کردووە کە تەواوی حیساباتی دوژمنانی تێکداوە. پەیامەکە ڕونیکردۆتەوە کە هەوڵەکانی ئەم توێژانە بەشداربووە لە بەهێزکردنی ورەی گشتی و پاڵپشتیکردنی هێزە چەکدارەکان، هاوکات بووەتە پاڵپشتییەک بۆ پرسەکانی غەززە و بەرخۆدانی ئیسلامی. سوپای پاسداران پێی وایە ئەو بزووتنەوە میدیایی و کولتوورییەی دروستبووە، ڕۆڵێکی سەرەکی و بنەڕەتی هەبووە لە چەسپاندنی بەهاکانی شۆڕشدا.
تەوەرێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە تایبەت بوو بە هێزی ناوخۆیی، کە تێیدا جەختکرایەوە: بەهۆی خەبات و تێکۆشانی گەل و لە ژێر ڕۆشنایی ڕێنماییەکانی موجتەبا خامنەئی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، هێزی نەرمی شۆڕش بە شێوازێک دزەی کردۆتە ناو پەیکەری کۆمەڵایەتی وڵاتەوە، کە ئیتر هەر هەڕەشەیەکی سەربازی یان دەروونی لەلایەن نەیارانیانەوە، بێدەسەڵات و دۆشدامان دەبێت لە ڕاگرتنی نفوز و کاریگەرییەکانی.
دەرچوونی ئەم پەیامە فەرمییەی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە، کە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باس لە بوونی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان واشنتن و تاران دەکەن. ئەم دانوستانانە بە مەبەستی داڕشتنەوە و دامەزراندنی هاوکێشە نوێیەکانی ڕێگریگرتن و ئاسایشە لە ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز. ئێران لە ڕێگەی ئەم پەیامەوە دەخوازێت نیشانی بدات کە هاوتەریب لەگەڵ گەشەپێدانی توانا سەربازییەکانی، کار بۆ پاراستنی یەکگرتوویی بەرەی ناوخۆیی و نمایشکردنی هێزە نەرمەکەی دەکات.