2026-05-24   416     
ماڵپەڕی هەواڵی ئەمریکی ئەکسیۆس وردەکارییەکانی ڕێککەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران ئاشکرا دەکات.
ئاوێنە: بەگوتەی بەرپرسێکی ئەمەریکا بۆ ئەکسیۆس، ڕێککەوتنەکە کە ئەمریکا و ئێران نزیکن لەواژۆ کردنی، درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بۆ ماوەی 60 ڕۆژ لەخۆدەگرێت، لەو ماوەیەدا گەرووی هورمز بەبێ ڕسومات دەکرێتەوە، ئەمەش ڕێگە بە ئێران دەدات بە ئازادی نەوتەکەی بفرۆشێت لەکاتێکدا دانوستانی زیاتر سەبارەت بە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەنجام دەدرێت.
ئەم ڕێککەوتنە ڕێگری دەکات لە پەرەسەندنی شەڕ و کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر دابینکردنی وزەی جیهانی. بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە ئایا دەبێتە هۆی ڕێککەوتنێکی ئاشتیی بەردەوام کە هاوکات داواکارییە ئەتۆمییەکانی دۆناڵد ترەمپو نەتانیاهۆ جێبەجێ بکات.
هەردوو ترامپ و ناوبژیوانەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەکرێت ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێککەوتنێک ڕابگەیەندرێت، هەرچەندە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە پوختەیەکی لە ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە بەو شێوەی ئێستای خستۆتە ڕوو و لە کاتێکدا لایەنی ئێرانی ئەم وردەکاریانەی پشتڕاست نەکردۆتەوە، تاران هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە نزیکن لەگەیشتنە ڕێککەوتنێک.
ڕێککەوتنەکە چی لەخۆدەگرێت؟
*هەردوولا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ، لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی زیاتری ئاگربەست.
*لەم ماوەیەدا گەرووی هورمز بەبێ پارەی ترانزێت دەکرێتەوە، ئێرانیش ڕازی دەبێت بە لابردنی ئەو مینانەی کە لە گەرووەکەدا داینابوو بۆ ئەوەی ڕێگە بە تێپەڕبوونی ئازاد بۆ کەشتیەکان بدات.
*لەبەرامبەردا ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگرێت و ڕێگەی پێدەدات بە ئازادی نەوت بفرۆشێت.
*ئێران پابەند دەبێت بە بەرهەم نەهێنانی چەکی ئەتۆمی.
*دانوستانی زیاتر لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا سەبارەت بە ڕاگرتنی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم و لابردنی کۆگای یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی تاران بەڕێوە دەچێت.
*ئێران لە ڕێگەی نێوەندگرانەوە دڵنیایی زارەکیی داوەتە ئەمریکا سەبارەت بە ڕاگرتنی پیتاندن و وازهێنان لە کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
*ئەمریکا ڕازی دەبێت لەسەر دانوستان سەبارەت هەڵوەشاندنەوەی سزاکان و هەڵوەشاندنەوەی بلۆککردنی سەروەت و سامانی ئێران لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا و ئەم هەنگاوانە تەنها لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی کۆتایی و پشتڕاستکراوەدا جێبەجێ دەکرێن.
*ئەو هێزه ئەمریکایەی لەچەند مانگی ڕابردوودا جێگیرکراون لەناوچەکه دەمێننەوه و ته نها لکاتی گەیشتن بەڕێککەوتنی کۆتایی دەکشێنه وه .
*ڕەشنووسی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە بەڕاشکاوی داوای کۆتایی هێنان بەشەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە لوبنان دەکات.
لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، بەرپرسێکی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترەمپ، نیگەرانی خۆی لەبارەی مەرجەکە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان دەربڕی. هەروەها ناتانیاهۆ نیگەرانی خۆی لە "لایەنەکانی دیکە"ی ڕێککەوتنەکە دەربڕی، بە وتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە.