مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە زنجیرەیەک لێدوانیدا سەبارەت بە دۆسیەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن هەرگیز ڕێگە بە ئێران نادات کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمز بکات. بە ئاماژەدان بەم بابەتەش وتی: «گەرووی هورمز ڕێڕەوێکی ئاوی نێودەوڵەتییە و ئێران خاوەنی نییە».
ئاوێنە: وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: «لە ئێستادا چەند پرسێکی تەکنیکیی دیاریکراو سەبارەت بە دۆسیە ئەتۆمییەکەی ئێران لەژێر گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەدان».
ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئێران بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، ڕوونی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، گەیشتووەتە پێشکەوتنی بەرچاو لە دۆسیەی ئێراندا.
لە کۆتاییدا ڕوبیو ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وردەکاری و زانیاریی زیاتر سەبارەت بە هەڵوێستە نوێیەکانی بەرامبەر بە ئێران ڕادەگەیەنێت.