لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا لێدوانەکان یەکیان گرت، کە جەخت لە بەدەستهێنانی پێشکەوتنێکی بەرچاو لە دانوستانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دەکەنەوە، ئەمەش لە ناو کەشوهەوایەکی گەشبینانەدا بە نزیکبوونەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی و هەمیشەیی، لەگەڵ ترسی ئیسرائیل لە ڕێککەوتنێک کە مەرجە ئەمنییەکانی تەلئەبیب جێبەجێ نەکات.
ئاوێنە: مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ یەکشەممە لە نیودەلهییەوە ڕایگەیاند کە "ئەگەر هەیە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا جیهان هەواڵی باش ببیستێت، بەتایبەتی سەبارەت بە گەرووی هورمز".
ڕوبیۆ زیاتر وتی: "لە ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا هەندێک پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە سەبارەت بە هێڵە گشتییەکان کە ڕەنگە قەیرانی گەرووی هورمز چارەسەر بکات".
لە تاران، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند: "ئامادەین دڵنیایی بدەینە جیهان کە ئێمە هەوڵ نادەین بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە".
پزیشکیان وتیشی: "ئیسرائیل ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدات لە ڕێگەی هەوڵەکانی بۆ جێبەجێکردنی پلانی ئیسرائیلی گەورە و پیلانگێڕی دەکات بۆ ڕاکێشانی ناوچەکە بۆ ناو شەڕ".
لە لای خۆیەوە، پاکستان کە ڕۆڵێکی دیار دەگێڕێت لە پرۆسەی نێوەندگیریی نێوان واشنتۆن و تاران، گەشبینی خۆی دەربڕی بە بەدەستهێنانی پێشکەوتنی گەورە لە دانوستانەکان و ئەگەری گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی و هەمیشەیی.
ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند کە "پێشکەوتنێکی گەورە" لە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەدەستهاتووە، کە جێگەی گەشبینییە بۆ ئەگەری گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی و هەمیشەیی.
هەروەها وتی: "ستایشی سەرکردایەتی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و پابەندبوونی بە گفتوگۆ و دیپلۆماسییەت و هەروەها جەی دی ڤانس-ی جێگری و مارکۆ ڕوبیۆی وەزیری دەرەوە و تەواوی تیمی ئەمریکی دەکەم".
وەزیری دەرەوەی پاکستان جەختی لەوە کردەوە کە "ئەوەی لەم دانوستانانەدا بەدەستهاتووە هۆکار دەڕەخسێنێت بۆ گەشبینی بە ئەگەری گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی و هەمیشەیی".
پێشتریش لەمڕۆدا، شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان ڕایگەیاند کە هیوادارە وڵاتەکەی بەم زووانە میوانداری خولی داهاتووی گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان بکات.
شەریف کە وڵاتەکەی ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە نێوەندگیری نێوان واشنتۆن و تاران، لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە و تێیدا هاتووە: "پاکستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ هێنانەدی ئاشتی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە، و هیوادارین بەم زووانە میوانداری خولی داهاتووی گفتوگۆکان بکەین".
سەرۆک وەزیرانی پاکستان پیرۆزبایی لە سەرۆکی ئەمریکا کرد بۆ ئەوەی کە وەک خۆی وتی "هەوڵێکی ناوازەیە" بۆ هێنانەدی ئاشتی.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئاگاداری پاکستانییەوە بڵاویکردەوە کە فەرماندەی سوپای پاکستان هەوڵیداوە بۆ کەمکردنەوەی کەلێنی نێوان دوو پرسی سەرەکی کە بۆ گفتوگۆکردن لە دانوستانەکاندا خراونەتە ڕوو، ئەوانیش کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و داهاتووی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە.
ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بەرپرسانی ئێران دەیانەوێت گفتوگۆکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکە دوا بخەن تا ئەو کاتەی دەگەنە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە و کردنەوەی گەرووی هورمز، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمریکا دەیانەوێت هەموو پرسەکان بەیەکەوە و لە یەک کاتدا چارەسەر بکەن.
لە لای خۆیەوە سەرۆکی ئەمریکا، دوێنێ شەممە ڕایگەیاند کە دانوستان کراوە "لەسەر بەشێکی زۆر"ی لێکتێگەیشتننامەیەک سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران کە دەبێتە هۆی کردنەوەی گەرووی هورمز.
ترەمپ لە هەژماری خۆی لە "تروث سۆشیاڵ" بڵاویکردەوە کە ئەو ڕێککەوتنەی خەریکە پێكدێت دەبێتە هۆی دووبارە کردنەوەی گەرووەکە، و باسی لەوە نەکرد کە ڕێککەوتنەکە جگە لەوە چی دیکە لەخۆ دەگرێت.
ترەمپ لە پێگەی "تروث سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "لە ئێستادا تاوتوێی لایەنەکان و وردەکارییە کۆتاییەکانی ڕێککەوتنەکە دەکرێت، و بەم زووانە ڕادەگەیەنرێت".
لەسەر ئاستێکی دیکە، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران ئاماژەیان بە تایبەتمەندییەکانی هەندێک لە بڕگەکانی لێکتێگەیشتننامە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان واشنتۆن و تاران کرد.
ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی ڕایگەیاند کە ڕەشنووسەکە باس لە هێرشنەکردن دەکات لەلایەن هەردوولاوە، هەروەها باس لەوەش دەکات کە واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی هێرش ناکەنە سەر تاران و هاوپەیمانەکانی.
وتیشی کە لە بەرامبەردا لێکتێگەیشتننامەکە باس لەوە دەکات کە ئێران بەڵێن دەدات هیچ هێرشێکی سەربازی پێشوەختە نەکاتە سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە کە لێکتێگەیشتننامە پێشنیازکراوەکە بریتییە لە کۆتایی هێنان بە شەڕ لەسەر سەرجەم بەرەکان، هاوکات لەگەڵ هەڵگرتنی سزاکانی سەر نەوتی ئێران لەلایەن واشنتۆنەوە لە کاتی دانوستانەکاندا.
ئاژانسەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئێران هێشتا هیچ ڕێوشوێنێکی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی قبوڵ نەکردووە و دەڵێت ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە ماوەی ٣٠ ڕۆژ بۆ ئەو ڕێوشوێنانە تەرخان دەکات کە پەیوەندییان بە گەرووی هورمزەوە هەیە و ماوەی ٦٠ ڕۆژیش بۆ گفتوگۆ ئەتۆمییەکان.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە بەپێی لێکتێگەیشتننامە پێشنیازکراوەکە، ژمارەی ئەو کەشتیانەی کە دەتوانن بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێش جەنگ.
ئاژانسەکە زیاتر وتی کە بەپێی لێکتێگەیشتننامە پێشنیازکراوەکە دەبێت گەمارۆی دەریایی لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا بە تەواوی هەڵبگیرێت، و پێویستە لە قۆناغی یەکەمدا بەشێک لە پارە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد بكرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد کە لێکتێگەیشتننامە پێشنیازکراوەکە هەڵگرتنی کاتیی سزاکانی سەر نەوت و غاز و پێترۆکیمیاییەکانی ئێران لە کاتی دانوستانەکاندا لەخۆ دەگرێت.
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل بێزاری خۆی لە ڕێککەوتنەکە دەربڕی، و کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە کە "ئەو ڕێککەوتنەی ئێستا لەگەڵ ئێران گەڵاڵە دەکرێت خراپە، چونکە پەیامێک دەنێرێت بۆ ئێرانییەکان بەو مانایەی کە ئەوان چەکێکیان هەیە کە کاریگەرییەکەی کەمتر نییە لە چەکی ئەتۆمی، ئەویش گەرووی هورمزە".
بەرپرسە ئیسرائیلییەکە وتیشی: "ترەمپ پێی وایە ڕێککەوتنەکە لە پلەی یەکەمدا ئابوورییە و کردنەوەی دوولایەنەی گەرووی هورمز لەخۆ دەگرێت بە مەرجێک هەر پێشکەوتنێکی دواتر مەرجدار بێت بە دەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمی لە هاوکێشەکە، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە هێشتا ڕوون نییە دوای قۆناغی یەکەم چی ڕوودەدات".
هەروەها کەناڵی ١٤ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە کە ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران ڕێنمایی دەرکردووە بۆ وەزیرەکان کە قسەکردن لەسەر ڕێککەوتنی نزیکی نێوان تاران و واشنتۆنیان لێ قەدەغە دەکات.