بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ڕایگەیاند، کۆشکی سپی پێشبینی ناکات ئه‌مڕۆ یەکشەممە بگه‌نه رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئێران و پێی وایە ره‌نگه چەند ڕۆژێکی دیكه بخایەنێت تاوەکو سەرکردایەتی ئێران ڕێککەوتنەکە به‌ته‌واوه‌تی پەسەنددەکەن. ده‌شڵێت، پێمانوایه موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، چوارچێوە گشتییەکەی ڕێککەوتنەکەی پەسەند کردوە.
ئاوێنه: به‌پێی ماڵپه‌ڕی ئاكسیۆشی ئه‌مریكی، هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریکا گەشبینن بەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێککەوتنه‌كه واژۆ بکرێت، بەڵام هاوکات دانیش بەوەدا دەنێن کە هێشتا کۆتایی پێنەهاتوە و لەوانەیە هێشتا تێکبچێت.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا وتی"ئێمە لە دۆخێکی زۆر باشداین بەڵام هەندێک ڕێگا هەن کە دەکرێت ڕێککەوتنەکەی پێ تێکبدرێت."
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند کە هێشتا هەندێک وردەکاری ماون کە پێویستە "چارەسەر بکرێن"، بەڵام سروشتی "سست و ناڕونیی" میكانیزمی دروستكردنی بڕیار له ئێران لەوانەیە ڕێککەوتنەکە بۆ چەند ڕۆژێکی تریش دوابخات.
بەرپرسە ئەمریکییەکە وتی "هێشتا مشت‌ومڕ لەسەر وردەکارییە دیاریکراوەکان هەیە. هەندێک وشە هەن کە بۆ ئێمە گرنگن و هەندێک وشەش هەن کە بۆ ئەوان گرنگن."
ئەو بەرپرسە ئه‌مریكییه ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا"تێگەیشتنی ئێمە ئەوەیە کە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، چوارچێوە گشتییەکەی ڕێککەوتنەکەی پەسەند کردوە. بەڵام ئەوەی کە ئایا ئەمە دەبێتە ڕێککەوتنێکی ته‌واو، هێشتا وەک پرسیارێکی کراوە ماوەتەوە."
بەرپرسە ئەمریکییەکە ڕایگەیاند، ڕەشنوسی ڕێککەوتنەکە گەروی هورمز دەکاتەوە لە بەرامبەر ئەوەی ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکەی هەڵبگرێت. لەگه‌ڵ كردنه‌وه‌ی گەروەکە و ئه‌وه‌ی كه ئابوریی جیهان هەناسەیەکی بەبەردا دێتەوە، هه‌ردو لایەن ده‌ست ده‌كه‌ن به دانوستان لەسەر سنوردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
به‌قسه‌ی به‌رپرسه ئه‌مریكییه‌كه، وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکە، ئێرانییەکان "لەڕوی مه‌بده‌ئییه‌وه ڕازی دەبن کە دەستبەرداری یۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆیان ببن" و هه‌ردو لایه‌ن گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەمە دەکەن. بەرپرسەکە وتیشی"کەس ناکۆکی لەسەر ئەوە نییە کە یۆرانیۆمه‌كه لەناو دەبرێت. به‌ڵام پرسیارەکە ئەوەیە چۆن؟"
وه‌ك به‌رپرسه ئه‌مریكییه‌كه ئاماژه‌ی پێداوه، ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت ڕێککەوتنە کۆتاییەکە، تەواوی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بگرێتەوە کە نزیکەی 2000 کیلۆگرامە، نەک تەنیا ئەو 450 کیلۆگرامەی کە تا ئاستی نزیک لە چەکی ئەتۆمی پیتێندراوە. وتیشی"ئەمە هەموی بەشێک دەبێت لە گفتوگۆکان."
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، وەک بەشێک لە ڕەشنوسی ڕێککەوتنەکە، ئێران پابەند بوە بە گفتوگۆکردن لەسەر ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم به‌شێوه‌یه‌كی كاتی، بەڵام هه‌ردو لایه‌ن هێشتا پێویستە دانوستان لەسەر ئەوە بکەن کە ئەم ڕاگرتنە کاتییە تا کەی بەردەوام دەبێت.
بەرپرسە ئەمریکییەکە وتیشی "ئێمە دەمانەوێت پابەندبونێکی جدی ببینین بۆ دەستبەرداربون لە پیتاندن. پێمان وایە بەدەستی دەهێنین. هەستێکی باشمان هەیە سەبارەت بەو به‌ره‌وپێشچونه‌ی لەسەر پابەندبونە گشتییەکانی په‌یوه‌ست به پرسی پیتاندن به‌ده‌ستهاتوه."
بەرپرسە ئەمریکییەکە هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ڕێککەوتنەکە له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه داده‌مه‌زرێت كه هەرچەندە ئێران زیاتر سازش لەسەر پیتاندن و ماددە ئەتۆمییەکان بکات، هێندە زیاتر سزاکانی لەسەر لادەبرێت.
جه‌ختیشی كرده‌وه "ئەگەر دەستبەرداری یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئاست به‌رز نەبن، هیچ ئاسانکارییەک و سزاهەڵگرتنێکیان دەستناکەوێت. هەرچەندە زیاتر پێشكه‌ش بكه‌ن، زیاتر بەدەست دەهێنن. هیچ ئازادكردنێكی دەستبەجێ له‌سه‌ر پارە بلۆككراوه‌كان لەئارادا نابێت."
بەرپرسەکە وتی، كۆسپی سەرەکی له پرسی پیتاندن و یۆرانیۆمی پیتێندراودا، په‌یوه‌ندی به "ڕەچاوکردنی شانازیی نیشتمانیی" ئێرانەوە هەیە و ئەوەی کە ئێرانییەکان چۆن ئەمە لە ناوخۆی وڵاتەکەیاندا "دەفرۆشنەوە".