ڕوبیۆ: لەوانەیە ڕێککەوتنەکەی ئێران ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت و ئیسرائیلیش مافی "بەرگریکردن لە خۆی" هەیە
  2026-05-25       94       

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەوانەیە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ئەمڕۆ دووشەممە بێتە دی، لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل "مافی بەرگریکردنی لە خۆی هەیە لە دژی هەر هێرشێک".

ئاوێنە: ​لە ئاماژەیەکدا بۆ ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە، ڕوبیۆ لە کاتی جێهێشتنی نیودەلهی پایتەختی هیندستان، دوای سەردانێکی فەرمی وتی: "پێمان وابوو ڕەنگە شەوی ڕابردوو هەندێک هەواڵمان پێ بگات، بەڵام لەوانەیە ئەمڕۆ بێت".

​بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕوبیۆ جەختی لەوە کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یان دەگاتە ڕێککەوتنێکی باش لەگەڵ ئێران، یانیش "بە شێوازێکی دیکە" مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دەکات.

​هەروەها وتی، ئەمریکا هەموو دەرفەتێک دەدات بە دیپلۆماسییەت بۆ سەرکەوتن، پێش ئەوەی بەدوای "بەدیلەکان"ـدا بگەڕێت.

​زیاتر وتیشی: "بابەتێکی زۆر بەهێز لەسەر مێزی گفتوگۆیە لە ڕووی توانایان بۆ کردنەوەی گەرووەکە، و ئەنجامدانی دانوستانێکی ڕاستەقینە و گرنگ و دیاریکراو لە ڕووی کاتەوە سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی، و هیوادارین بتوانین ئەوە بەدی بهێنین".

​دووپاتیشیکردەوە کە ڕێککەوتنەکە پشتیوانییەکی گەورەی هەیە لە کەنداو و وتی: "هەر وڵاتێک کە بابەتەکەمان لەگەڵیدا تاوتوێ کردبێت، درک بەوە دەکات کە نەک تەنها لۆژیکییە، بەڵکوو کارێکی دروستە کە پێویستە لە پێناو جیهاندا بکرێت".

​پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە دانوستانەکان سەبارەت بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران هێشتا تەواو نەبوون، و گفتوگۆکان لەگەڵیدا بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بونیادنەرانە بەڕێوە دەچن.

​تۆڕی "فۆکس نیوز" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە گواستییەوە کە سەرۆک ترەمپ مەیلی بەو ئاراستەیە دایە چەند ڕۆژێک مۆڵەت بداتە ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.

​بەرپرسە ئەمریکییەکانیش ئەوەیان خستەڕوو کە تاران لەسەر بنەما سەرەتاییەکان بە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە ڕازی بووە، و لە ٩٥٪ـی کارەکانی تەواو بووە، ئێستاش دانوستان لەسەر داڕشتنەوەی بڕگەکان بەردەوامە.

​لە میانی لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە نیودەلهی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: "ئیسرائیل هەمیشە مافی پاراستنی خۆی هەیە، ئەگەر حزبوڵڵا مووشەک ئاراستەی بکات، ئەوا ئیسرائیل تەواوی مافی وەڵامدانەوەی هەیە".

​بێنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە ترەمپ دووبارە جەختی لە مافی ئیسرائیل کردووەتەوە بۆ "بەرگریکردن لە خۆی" لە بەرامبەر هەڕەشەکان لە سەرجەم گۆڕەپانەکاندا، لە نێویاندا لوبنان.

​لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، لەگەڵ کۆتاییهاتنی کۆنگرەی پێداچوونەوە بە پەیماننامەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناڕەزایی خۆی دەربڕی لە شکستهێنانی وڵاتانی بەشدار لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە گەیشتن بە کۆدەنگییەک سەبارەت بە بەڵگەنامەی کۆتایی.

​وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، شکستهێنان لە گەیشتن بە کۆدەنگی جێگەی نائومێدییە، بەتایبەتی "لە سایەی بەردەوامیی پابەندنەبوونی ئێران بە ڕێککەوتنی گەرەنتییە داواکراوەکان بەپێی پەیماننامەکە".

​لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ پرسی بێتوانایی هەندێک لە وڵاتانی ئەندام لە پەیماننامەکەدا دەکات، سەبارەت بە مامەڵەنەکردنیان "بە جدی لەگەڵ ئەو هەڕەشەیەی کە ئێران لەسەر سیستەمی جیهانیی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دروستی دەکات".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×