وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران جه‌خت ده‌كاته‌وه، موجته‌با خامنه‌یی، رێبه‌ری باڵای ئێران كه له یه‌كه‌م رۆژی هێرشی ئه‌مریكاو ئیسرائیل‌دا بۆ سه‌ر تاران برینداربو، كاتێك هێنراوه‌ته نه‌خۆشخانه برینداره‌كان هێنده سوك بون، ته‌نانه‌ت "رۆژوه‌كه‌ی نه‌شكاندوه‌و ته‌نیا پێویستی به چه‌ند ته‌قه‌ڵێك هه‌بوه."
ئاوێنه: حسێن کرمانپور، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئیلینا، وتویه‌تی، بەداخەوە پڕوپاگەندەکان دەربارەی دۆخی تەندروستیی ڕێبەر بەهۆی ئەوەوه‌یه کە میدیای ره‌سمی ئێران، تا ڕادەیەک مه‌رجه‌عییه‌تی خۆی له هه‌واڵدا له‌ده‌ستداوه.
وتوشیه‌تی، ئێمە هەر هەواڵێکیش بەرهەم بهێنین، خەڵک قبوڵی ناكه‌ن، کاتێکیش هەواڵێک بڵاودەبێتەوە کە دیارنییه لە کوێوە سەرچاوەی گرتوە، تەنانەت ئەگەر بمانەوێت ئاڕاستەی ئەو هەواڵە بگۆڕین و گێڕانەوە ڕاستەکە بگەیەنین، ئەوەش بە ئاسانی ناکرێت.
به‌قسه‌ی ئه‌و له یه‌كه‌م رۆژی هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل و ئه‌مریكادا بۆ سه‌ر تاران له 28ی شوبات كه تێیدا ماڵی رێبه‌ری باڵای ئێرانیش كرایه ئامانج، یه‌كێك لە نەخۆشخانەکان و كارمه‌ندانی لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بون و پێشبینی دەکرا کە کەسانی ناو ماڵی ڕێبەر، بهێننه ئه‌وێ.
وتیشی، ئەو ڕۆژە لە نێوان کاتژمێر 11 بۆ 1ی نیوه‌ڕۆ وترا کە بەرپرسێک لە ماڵی رێبه‌ره‌وه دەهێنن، سه‌ره‌تا ستافی پزیشكی و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی نه‌خۆشخانه‌كه وایانزانیوه عه‌لی خامنه‌یی زیندوه‌و ده‌یهێنن، دواتر بۆیان ده‌ركه‌وتوه كه موجته‌ها خامنه‌یی ده‌هێنن.
وتوشیه‌تی، موجته‌با له‌گه‌ڵ چه‌ند برینداری دیكه سه‌عات 1ی پاشنیوه‌ڕۆ برانه ژوری نه‌شته‌رگه‌ری كه جگه له چه‌ند برینێكی سوك له‌سه‌ر ده‌موچاوی، سه‌ری و پێیه‌كانی هیچ شتێكی دیكه‌ی نه‌بو و هیچ یه‌ك له برینه‌كانیش نه‌بوبونه هۆی بڕینی هیچ یه‌كێك له ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، له روانگه‌ی پزیشكییه‌وه برینه‌كانی موجته‌با خامنه‌یی شتێكی وا نه‌بون و پێویستیان به رێكارێكی تایبه‌ت نه‌بو جگه له یه‌ك دو ته‌قه‌ڵ كه پێویست بون و بۆی ئه‌نجامدرا.
به‌قسه‌ی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران، موجته‌با خامنه‌یی به‌ڕۆژو بوه‌و ستافی نه‌خۆشخانه‌كه هه‌رچه‌ند هه‌وڵیان له‌گه‌ڵداوه رۆژوه‌كه‌ی نه‌شكاندوه تاوه‌كو به‌ربانگ كه "ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی سه‌لامه‌تی ئه‌وانه و ئه‌گه‌ر برینه‌كانی قورس بونایه نه‌یده‌توانی گوێ له كارمه‌نده‌كانی ئێمه نه‌گرێت."