ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر ئێران و ڕوبیۆش جەخت لە ڕێککەوتن دەکاتەوە
  2026-05-26       284       

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو هێرشیان کردووەتە سەر باشووری ئێران، بەڵام مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوورخستنەوەی هەر کاریگەرییەکی ئەم هێرشانەی لەسەر دانوستانەکان ڕاگەیاند، لە کاتێکدا میدیاکانی ئێران جەختیان کردەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر بەلەمەکانی ئێران لە باشووری دوورگەی لارک لە گەرووی هورمز، ئەمەش دوای بیستنی دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە ئێوارەدا.

ئاوێنە: ​وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو چەند هێرشێکیان ئەنجامداوە کە بە "بەرگری لە خۆکردن" لە باشووری ئێران وەسفی کردووە.

​هەروەها وتیشی، فەرماندەیی ناوەندی ئەو هێرشانەی بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا لە هەڕەشەکانی هێزەکانی ئێران ئەنجامداوە، و ئاماژەی بەوەشکرد کە هێرشەکان سەکۆی مووشەکی و بەلەمی ئێرانییان کردووەتە ئامانج کە هەوڵی دانانی مینیان دەدا.

​جەختیشی لەوە کردەوە کە فەرماندەیی ناوەندی بەردەوامە لە بەرگریکردن لە هێزەکانی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ خۆگرتن و دانبەخۆداگرتن لە کاتی ئاگربەستدا.

​هەروەها بەرپرسێکی ئەمریکی بە جەزیرەی ڕاگەیاند کە ئێران لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا هەوڵیداوە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا، و ئاماژەی بەوەشکرد کە هێرشەکانی ئێران نەبوونەتە هۆی برینداربوونی هیچ سەربازێکی هێزەکانی ئەمریکا.

​لە وردەکارییەکاندا، کەناڵی "فۆکس نیوز" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە گواستیەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی وڵاتەکەی پێگەیەکی مووشەکی سام-ی (ڕووی زەوی بۆ ئاسمان)یان لە بەندەر عەباس بۆردومان کردووە دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکای کردبووە ئامانج.

​لەلای خۆیەوە، تۆڕی "سی ئێن ئێن" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە کە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ئێران "کاردانەوە و بەرگری بوون نەک بەشێک لە هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو"، بەپێی وەسفەکەی.

​ئاژانسی نیمچە فەرمی "فارس"ی ئێرانی لە زاری تەلەفزیۆنی ئێرانەوە پشتڕاستی کردەوە کە "فڕۆکە جەنگییە ئەمریکی و زایۆنییەکان، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە هێرشیان کردووەتە سەر بەلەمەکانی ئێران لە باشووری دوورگەی لارک لە گەرووی هورمز".

​ئاماژەی بەوەشکردووە کە هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی ٤ کەس، و ڕوونیشیکردەوە کە تا ئێستا کۆی گشتی ژمارەی کوژراوەکان دیار نییە.

​دوورگەی لارک بە پێگەیەکی هەستیار دادەنرێت چونکە دەکەوێتە دڵی گەرووی هورمزەوە، بە هاوتەریبی لەگەڵ ئەو ڕێڕەوەی کە سوپای پاسدارانی ئێران بۆ تێپەڕبوونی ئەو کەشتیانە دیاری کردووە کە ڕێگەیان پێدراوە پێیدا تێپەڕ بن.

​کەناڵی فۆکس نیوز لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە کە هێرشەکانی ئەمریکا لە ناو ئێراندا بەرگری بوون، و ئاماژە نین بۆ کۆتایی هاتنی ڕێککەوتنی ئاگربەست.

​لە ڕووی سیاسییەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا لەسەر هێرشەکان، کە ئاژانسی فرانس پرێس و ڕۆیتەرز گواستوویانەتەوە، ڕایگەیاند "دەبێت گەرووەکان بە کراوەیی بمێننەوە و بە شێوەیەک لە شێوەکان هەر وا دەمێننەوە"، بەپێی دەربڕینەکەی.

​ڕوبیۆ جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا، گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێشتا ئەگەری هەیە.

​هەروەها ڕایگەیاند کە دانوستان لەسەر داڕشتنەوەی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران ڕەنگە چەند ڕۆژێک بخایەنێت، و وتیشی کە گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕێکی زۆر هەیە لەسەر دەستەواژە دیاریکراوەکانی ناو بەڵگەنامە سەرەتاییەکە.

​وتیشی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵدەدات لە ڕێگەی پرۆسەی دانوستانەوە کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت.

​ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردەوە کە دەنگی سێ تەقینەوە لە بەندەر عەباس بیستراوە، لە کاتێکدا ئاژانسی نیمچە فەرمی فارس ئاماژەی بەوە کردووە کە دەنگی هاوشێوە لە نزیک سیریک و جاسک لە نزیک ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکە بیستراون.

​تەلەفزیۆنی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە دۆخی بەندەر عەباس دوای بیستنی دەنگی تەقینەوەکان ئارام و ئاساییە.

​عومەر هەواش، پەیامنێری جەزیرە لە تاران ڕوونیکردەوە کە هۆکاری ئەو تەقینەوانەی ئێوارەی دووشەممە لە بەندەر عەباس ڕوویانداوە تا ئێستا ڕانەگەیەندراوە، و ئاماژەی بەوەشکرد کە تەقینەوەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە هێرشەکەی ئەمریکاوە نییە کە لە نزیک دوورگەی لارک ڕوویداوە.

​ڕوونیشیکردەوە کە هێرشەکەی لارک بەرەبەیانی دووشەممە ڕوویداوە، واتە نزیکەی ٢٤ کاتژمێر پێشتر، لە کاتێکدا تەقینەوەکانی بەندەر عەباس و شارەکانی دەوروبەری شەوی سێشەممە بیستراون.

​ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە کە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە گشتییەکانی فەیلەقی ئیمام سەجاد – سەر بە سوپای پاسداران – لە پارێزگای هورمزگان، دوێنێ ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی یەکشەممەوە تا سێشەممە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی تەقەمەنییە نەتەقیوەکان لە دەوروبەری شاری بەندەر عەباس ئەنجامدراون.

​ئاژانسەکە ڕوونیشیکردەوە کە دانیشتوانی ناوچەکە پێیان وا بووە ئەو دەنگی تەقینەوانەی ئەمشەو بیستراون بەهۆی ئەو پرۆسانەوە بوون.

​پێشتریش لە ڕۆژی دووشەممەدا ئاژانسی فارس جەختی لەوە کردەوە کە تاران بە بەکارهێنانی سیستەمێکی نوێی بەرگری ئاسمانی، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە ناوچەی کەنداو خستووەتە خوارەوە، بێ ئەوەی ئاماژە بەو لایەنە بکات کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی پێوە بەستراوەتەوە.

​ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی شەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاندبوو کە دانوستان لەسەر زۆربەی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران تەواو بووە، و بەمزووانە وردەکارییەکانی ئاشکرا دەکرێن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×