سەرەڕای گرژییەکانی ئەم دواییەی کە بەهۆی هێرشەکانی ڕۆژی ڕابردووی ئەمریکا بۆ سەر باشووری ئێران دروستبوون، سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئێرانی جەختی لەوە کردەوە کە سەردانەکەی محەممەدباقر قالیباف، گەورە دانوستانکاری ئێران بۆ قەتەر، پێشکەوتنی لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بەدوای خۆیدا هێناوە.
ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی «تەسنیم» لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانی نزیک لە تیمی دانوستانکارەوە بڵاویکردەوە کە «بەپێی دەقی ١٤ ماددەیی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، دەبێت سەرچاوە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە ماوەی دانوستانەکاندا ئازاد بکرێن، کە بڕەکەی بە ٢٤ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.»
سەرچاوەکە زیاتر وتی: «ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت نیوەی ئەم بڕە پارەیە لەگەڵ دەستپێکی ڕاگەیاندنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بەردەست بێت و ئەوەی دیکەشی لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا بگوازرێتەوە. سەردانەکەی قالیباف بۆ قەتەریش هەر بۆ لێکتێگەیشتن بووە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم داواکارییەی ئێران و چۆنیەتی دەستگەیشتن بە ١٢ ملیار دۆلار لە هەنگاوی یەکەمدا و لابردنی ئاستەنگەکان.»
لە درێژەدا سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە: «بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی لێکتێگەیشتن لەسەر ئازادکردنی پارەکانی ئێران لە کۆریای باشوور و قەتەر، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە هەنگاوە جێبەجێکارییەکان بە وردی چاودێری بکرێن بۆ ئەوەی ئەو ئەزموونە دووبارە نەبێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە و بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی پێشوو، ئەم سەردانە ئەنجامدرا تاوەکو هیچ کێشەیەک لە دەستگەیشتن بەو بڕە پارانە دروست نەبێت، لەم ڕووەشەوە سەردانەکە ئەنجامی باشی هەبوو.»
ئەو سەرچاوەیەی نزیک لە تیمی دانوستانکار ئاماژەی بەوەشکرد: «دانوستانەکانی قەتەر بە گشتی باش بوون و بوونە هۆی پێشکەوتن لە کۆی دانوستانەکاندا. لەم نێوەندەشدا نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە ئەمریکا وەک لایەنێکی پەیمانشکێن دەناسرێت، لەم ڕوانگەیەشەوە ئێران بە وریاییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە پرسەکان.»
هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگاداری دیکە لە کاردانەوە بە لێدوانەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر سەبارەت بەوەی کە ئەو وڵاتە هیچ پارەیەک وەک زەمانەت بۆ ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا نادات، جەختی کردەوە: «ئەم لێدوانانەی قەتەرییەکان بە گشتی هەڵە نین، چونکە ئەو سەرچاوە داراییانەی لە دەوحە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت موڵکی ئێرانن و پەیوەندییان بە زەمانەتی لێکتێگەیشتنەکەوە نییە، هەروەها ئێران بەهۆی ئەزموونەکانی پێشوویەوە، بە وردبینی و پێداگرییەکی تەواوەوە بەدوای گەڕاندنەوەی ئەو سەرچاوە داراییانەدایە.»